عەجاج حەردان لەسەر دۆسیەی کوردانی فەیلی دادگایی دەکرێتەوە
عەجاج ئەحمەد حەردان، بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرەسەلمان کە بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، رووبەڕووی دۆسیەیەکی نوێی دادگاییکردن دەبێتەوە لەسەر ئەشکەنجەدان و تاوانکاری دژی کوردانی فەیلی. دادگای لێکۆڵینەوە لە بەغدا دەستی بە وەرگرتنی وتەی سکاڵاکاران کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەکی کوردی فەیلی، بە بەڵگەی یاساییەوە سكاڵایان دژی عەجاج و چەند ئەفسەرێکی دیکەی رژێمی پێشوو تۆمار کرد.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری سکاڵاکاران بە کوردستان24ی راگەیاند، دۆسیەی عەجاج لە سەرۆکایەتی کۆمارە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانە، هاوکات سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و سکاڵای دیکەن و عەجاج حەردان دانی بە ژمارەیەک تاوانی دیکەدا ناوە. ئاماژەی بەوەش دا کە 16 دۆسیەی دیکە دژی کراونەتەوە و لەگەڵ ئەودا تاوانباری دیکەی هەڵاتوو لە نێو دۆسیەکەدا هەن. پارێزەری سکاڵاکاران ئاشکراشی کرد کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی دیکەیە لەسەر تاوانەکانی دژ بە بارزانییەکان و کوردانی فەیلی، تا ئاراستەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقیان بکات.
عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە "عەجاجی نوگرەسەلمان"، لە 31ی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا و دواتر لە 14ی ئایاری 2026 لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی بەغدا، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانەکانی ئەنفال بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.