ئێران دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق رەتدەکاتەوە

لە کاتێکدا باڵیۆزی عێراق ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە دەستپێدەکەنەوە، لایەنی ئێرانی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لە بەغداوە پێ نەگەیشتووە.

دووشەممە 28ی ئەیلوولی 2026، یاسر عەبدولزەهرا حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق (واع) ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، هەوڵە دیپلۆماسی و کارگێڕییەکانی چڕکردووەتەوە لە پێناو دەستپێکردنەوەی ئاسایی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ.

سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی گەشتەکانیش لە ماوەی رابردوودا، حەجاج روونی کردەوە، هیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەرنەچووە، بەڵکوو کۆمپانیا بیانییەکانی خزمەتگوزاریی زەمینیی فڕۆکەوانی، لە ترسی سزاکانی ئەمریکا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە فڕۆکە ئێرانییەکان کشانەوە.

باڵیۆزی عێراق لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئاستەنگەکان لە قۆناخی تێپەڕاندندان و لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف جارێکی دیکە دەرگاکانی بەڕووی فڕۆکە و گەشتە ئاسمانییەکانی ئێراندا دەکاتەوە.

هاوکات ئەبووزەر شیروودی، سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هێشتا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە بەغداوە پێ نەگەیشتووە.ئاماژەی بەوە کردووە، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنی عێراقی بەردەوامە و داوای لە هاووڵاتییان کرد پێش کڕینی بلیت، لە راستیی دۆخی گەشتەکان دڵنیا ببنەوە.

جگە لە عێراق، وڵاتانی وەک ئیمارات، عومان، گورجستان و کۆماری ئازەربایجانیش گەشتە ئاسمانییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران راگرتووە. ئەم هەنگاوەی وڵاتانی ناوچەکە دوای ئەوە دێت ئەمریکا سزاکانی بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران توندتر کرد و هۆشداریی دا ئەو فڕۆکەخانانەی خزمەتگوزاری بە فڕۆکەکانی ئێران پێشکەش بکەن، رووبەڕووی سزای ئەمریکا دەبنەوە.