هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزکرایەوە
بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، لە ئەمڕۆوە هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بە بڕی 40 بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادی کردووە.
دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و لە ئەمڕۆوە گەیشتووەتە 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێک.
ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە رێژەی هەناردەی نەوتی کەرکووک پەیوەستە بە زیادکردنی هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لە رێگەی تانکەرەوە بۆ کەرکووک، کە دواتر لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێن بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو بڕەی هەناردە دەکرێت، رۆژانە 180 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەگەڵ 70 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی جەیهانەوە دەنێردرێت بۆ تورکیا و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەیانفرۆشێت.