ترەمپ دەنگۆی هەڵگرتنی سزاکانی ئێران رەت دەکاتەوە

سەرۆکی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن پێشنیازی هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارە بloککراوەکانی ئێرانی کردبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکی تروس سۆشیالدا رایگەیاند، ماڵپەڕی ئەکسیۆس چیرۆکێکی بڵاوکردووەتەوە کە گوایە ئەو پێشنیازی هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی بە ئێران کردووە، بەڵام ئەمە ناڕاستە و هیچ شتێکم پێشکەش بەوان نەکردووە.

سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، راپۆرتەکەی ئەکسیۆس وەک زۆربەی راپۆرتەکانی دیکە هەواڵێکی ساختەیە و تەنیا بۆ مەبەستی ئاژاوە بۆ  ئەو دۆخە بەکارهاتووە کە بە نەخۆشیی شێتیی دژایەتیکردنی ترەمپ ناوی برد.

لە کۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ داوای لەو دامەزراوە میدیاییە کرد بە زووترین کات ئەو هەواڵە ساختەیە بکێشێتەوە.

دوێنێ دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە سزاکانی سەر ئێران سووک بکات و دەست بەسەرداگرتنی پارە و داراییە سڕکراوەکانی ئەو وڵاتە هەڵبگرێت، ئەگەر بێتو تاران هەنگاوی کرداری لە بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکانی دۆسیەی ئەتۆمیدا بنێت.

پرسی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، یەکێکە لە گرنگترین تەوەرەکانی دانوستان و داواکارییە سەرەکییەکانی تاران؛ بەپێی گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، دۆناڵد ترەمپ بەستنەوەی ئەم دۆسیەیە بە کەمکردنەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، ئەم پەیامەی واشنتن هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی نوێی نێوەندگیرە قەتەری و پاکستانییەکان بۆ راگرتنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە ئەمڕۆ لە نیویۆرک، نێوەندگیرەکان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێکی دەوحە، و لە دواتریشدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ کۆدەبنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.