کورسییەکانی خوێندنی باڵا لەنێوان عێراق و هەرێم دوو هێندە و نیو زیاد کرا
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی فیدراڵ رایگەیاند، ژمارەی کورسییەکانی وەرگرتنی هاوبەش لە نێوان زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە 500 کورسییەوە بۆ 1,250 کورسی بەرز دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی کرد، بڕیارەکە لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا دراوە کە بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبد زەهد ، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ بۆ کاروباری زانستی و بە ئامادەبوونی سەباح ئیبراهیم وەیس، راوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ دا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆسیە زانستییەکان و رێکارەکانی پەرەپێدانی هاریکاریی ئەکادیمی کرا، هەروەها هەوڵی بنبڕکردنی ئەو ئاستەنگە کارگێڕی و هونەریانە درا کە رێگرن لەبەردەم رێکارەکانی وەرگرتنی هاوبەش و یەکسانکردنی بڕوانامەکان لە نێوان هەردوولادا.
وەزارەتەکە ئاشکرایکرد، هەردوولا رێکیانخستووە لەسەر فراوانکردنی ئاسۆی وەرگرتنی هاوبەشی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو، بەجۆرێک لە خوێندنی بەکالۆریۆسدا ژمارەی کورسییەکان لە 400ـەوە بۆ 1,000 کورسی و لە خوێندنی باڵاشدا لە 100ـەوە بۆ 250 کورسی بۆ هەردوولا زیادکراوە.
هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی زانستی و ئەکادیمی و ئاسانکاریکردنی رێکارەکانی تایبەت بە وەرگرتن و بڕوانامەکان کردەوە، بەو شێوەیەی خزمەت بە خوێندکاران بکات و هاریکاریی نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پتەوتر بکات.