حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشلکارییەکانی عێراق لەبارەی سەرژمێری دەخاتەڕوو
دەستکاری رێژەی دانیشتووانی هەرێم لە بودجەی گشتی زیانی بە پشکی دامەزراندن، بەشەخۆراک، دەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دەگەیەنێت
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکدا ئاستەنگ و پێشێلکارییەکانی حکوومەتی عێراق لە ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی کراون، خستووەتەروو.
فەرمانگەکە رایگەیاندووە، سەرەڕای رێککەوتنەکان و دەرکردنی چەند بڕیارێک، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ بە کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە عێراق و هەژمارکردنی دانیشتووانی ناوچە هاوبەشەکان بە بەشێک لە دانیشتووانی عێراق و چەندان پێشێلکاری دیکە، وا دەکات لە بودجەی گشتیی 2027دا زیان بە پشکی دامەزراندن، بەشەخۆراک، دەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێم بگەیەنێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە 20ی تشرینی دووەمی 2024، سەرەڕای چەندین بڕیاری فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی هاوبەش، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، تاکلایەنە مامەڵەی لەگەڵ دەرەنجامەکان کردووە. ئەمە جگە لەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی لە 14.14% بۆ 12.68% کەم کردووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی راستەوخۆی لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 دەبێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری، گفتوگۆی چڕ لەنێوان وەزارەتەکانی پلاندانانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان هەبوو، لە کۆبوونەوەکاندا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەرچوون لەوانە بڕیارەکانی 24853، 24859، و 24860.
هەروەها گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکان بریتی بوون لە:
بەڕێوەبردنی هاوبەش: پێکهێنانی تیمی هاوبەش لە سەرجەم پێکهاتەکان (کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی و ئێزدی) بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکان.
وردبینیی داتاکان: بەراوردکردنی داتاکانی سەرژمێریی 2024، لەگەڵ تۆمارەکانی سەرژمێریی ساڵی 1957 و داتای وەزارەتەکانی (ناوخۆ، بازرگانی، کۆچ و کۆچبەران).
پاراستنی هاوبەش: داتاکان لەژێر سەرپەرشتیی هاوبەشی هەردوو حکوومەتدا دەبن و تۆمارێکی تایبەت بۆ ناوچە کوردستانییەکان دروست دەکرێت.\
تەرخانکردنی دارایی: دابینکردنی 13.83 ملیار دینار بۆ وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.
هەر لە راپۆرتەکەدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، پەردەی لەسەر پابەندنەبوون و پێشێلکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵ هەڵماڵیوە و رایگەیاندووە، دوای نزیکەی 2 ساڵ لە تێپەڕبوونی پرۆسەکە، دەرکەوت حکوومەتی فیدراڵی بەم پێشێلکاریانەی پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە:
پەراوێزخستنی تیمە هاوبەشەکان: لە ناوچە کوردستانییەکان پرۆسەکە بێ بەشداریی راستەقینەی تیمە هاوبەشەکانی پێکهاتەکان بەڕێوە چوو.
راگەیاندنی تاکلایەنە: وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، بەبێ رەچاوکردنی بڕیارە پابەندکەرەکان و بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی بەراوردکاری، ئەنجامەکانی ڕاگەیاند (کۆی دانیشتووانی عێراق: 46,118,793 و هەرێمی کوردستان: 6,519,129 کەس).
پشتگوێخستنی هەوڵەکانی هەرێم: سەرەڕای ئاراستەکردنی 28 نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و ئەنجامدانی 5 سەردانی فەرمی بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان و بەدەستهێنانی داتای خاو، هیچ وەڵامێکی ئەرێنی و کرداری نەدراوەتەوە.
بیانووی ناڵۆژیکی بۆ دواخستن: بەرپرسانی فیدراڵ دەڵێن پرۆسەی بەراوردکردنی داتا لەگەڵ ساڵی 1957 پێویستیی بە زیاتر لە 12 ساڵ هەیە، لە کاتێکدا بەپێی هەڵسەنگاندنە زانستییەکان، ئەگەر ئیرادەی سیاسی و ئامێری پێویست هەبێت، ئەم پرۆسەیە کەمتر لە 6 مانگی دەوێت. هەروەها ناردنی داتاکان بۆ هەرێم بەستراوەتەوە بەم پرۆسە درێژخایەنەوە کە پێشێلکارییەکی ڕوونە.
خەرجنەکردنی شایستە داراییەکان: تا ئێستا بڕەپارەی تەرخانکراو (13.8 ملیار دینار) بۆ خەرجییەکانی سەرژمێری لە هەرێم دابین نەکراوە.
سێیەم: کێشەی دەستکارییکردنی رێژەی دانیشتووان و مەترسییە داراییەکان.
هەروەها ئاماژەیداوە، لە سەرەتای ساڵی 2026، وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، بەفەرمی دانی بەوەدا نا کە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی داتا خاوەکان 14.14%ـە؛ بەڵام لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا، وەزارەتەکە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەم رێژەیەی دابەزاند بۆ 12.68%، بە بیانووی دەرکردنی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێم لە ئامارەکە، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێم ئەرکی ئیدارەدان و دابینکردنی خەرجییەکانی بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی لەئەستۆدایە و میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر دەکات.
هەر لە چوارچێوەی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کراوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئاماژەی بەوە داوە، حکوومەتی فیدراڵ، دانیشتووانی ئەو ناوچانەی هاوبەشن، بەڵام لەلانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئیدارە دەدرێن، بە بەشێک لە دانیشتووانی سنووری خۆی هەژمارکردووە، و رایدەگەیەنێت" ژمارەی دانیشتووانی ناوچە هاوبەشەکان کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبردرێت 500 هەزار کەسە و هەر یەک لە ناوچەکانی (سەنتەری شارۆچکەی شێخان، شارەدێی زێلکان، شارەدێی فایدە و شارەدێی قەراج، گوێڕ و دیبەگە لە سنووری شارۆچکەی مەخموور) لەخۆدەگرێت، ئەو ناوچانە سەرجەم خەرجییەکانیان لەسەر ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەڵام حكوومەتی عێراق دانیشتووانی ئەو سنوورانەی بۆ خۆی ئەژمارکردووە و وەک بەشێک لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی نەناساندووە".
هەروەها جەخت دەکاتەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری دەکات لە جێگیرکردنی پشکی (14.14%): حکوومەت و داوا دەکات پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027، لەسەر بنەمای رێژەی (14.14%) جێگیر بکرێت؛ چونکە دابەزاندنی ئەم رێژەیە دەبێتە هۆی بێبەشکردنی هاووڵاتییانی هەرێم لە پشکی دامەزراندن، بەشەخۆراک، دەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
راشیگەیاندووە، قەرەبووکردنەوەی هەڵە مێژووییەکان لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2025، هەرچەندە بەپێی یاسا پشکی هەرێم (12.67%) دیاری کرابوو، بەڵام بەپێی داتاکانی وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان، بەتێکڕا تەنیا 3.31%ی بودجەی فیدراڵی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان. دووبارە کردنەوەی ئەم ستەمە ئابوورییە بە پشتەبەستن بە داتای دەستکاریکراوی سەرژمێری، جێی قبووڵ نییە.