خۆپیشاندانی یەکەمەکان و دەرچووانی باڵا توندوتیژیی لێ کەوتەوە
دەیان هەزار دەرچووی خوێندنی باڵا و سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی عێراق، خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان کرد و گرژی و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رووی دا، بەهۆیەوە چەندین دەرچوو بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، دەرچووانی خوێندنی باڵا و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق، خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان بۆ داواکردنی مافی دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا، لە بەغدا کرد.
لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکەدا، گرژی و ئاڵۆزیی گەورە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران پەنایان بردووەتە بەر بەکارهێنانی هێز و بەو هۆیەوە پێکدادانی توند رووی داوە. ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ئەو توندوتیژییانەوە چەندین دەرچوو بریندار بوون و بەشێکیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوە کرد، ئەو دەرچووانە داوا دەکەن حکوومەتی عێراق مافەکانیان مسۆگەر بکات و لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا دایانبمەزرێنێت و جێگەیان بۆ بکاتەوە. روونیشی کردەوە، ئەمە یەکەم جار نییە ئەو توێژە دێنە سەر شەقام، بەڵکوو پێشتر چەندین خۆپیشاندانی دیکەیان کردووە و رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە.
ژمارەی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و سێ یەکەمەکان لە سەرانسەری عێراقدا زیاتر لە 42 هەزار دەرچوو دەبێت. لە ئێستادا هەموویان چاوەڕێی وەڵامی حکوومەت دەکەن بۆ دابینکردنی هەلی کار و کۆتاییهێنان بە قەیرانی بێکارییەکانیان.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، پرسی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە عێراق بووەتە یەکێک لە گەورەترین قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان. ساڵانە هەزاران گەنج خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام بەهۆی پشتبەستنی تەواوەتیی ئابووریی عێراق بە کەرتی گشتی و لاوازیی کەرتی تایبەت، زۆربەی ئەو دەرچووانە بێکار دەمێننەوە.
بەپێی یاساکانی عێراق، حکوومەت پابەند کراوە بە دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی کۆلێژ و بەشەکان، هەروەها هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا). سەرەڕای بوونی ئەم یاسایانە، زۆرجار بە بیانووی کورتهێنانی دارایی و نەبوونی تەرخانکراو لە بودجەدا، پرۆسەی دامەزراندنیان دوادەکەوێت یان رادەگیرێت.