پەرلەمانتارێکی دیکە زیندانی دەکرێت؛ پێویستە 28 ملیار دیناریش بگەڕێنێتەوە

محەممەد فەرمان شاهیر جبووری
محەممەد فەرمان شاهیر جبووری

دادگای تاوانەکانی دژەگەندەڵی، سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ پەرلەمانتارێکی عێراق دەرکرد و بڕیاری دا زیاتر لە 28 ملیار دیناری لێ وەربگیرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، دادگای تاوانەکانی دژەگەندەڵی بڕیاری سزادانی بۆ پەرلەمانتاری عێراق، محەممەد فەرمان شاهیر جبووری دەرکرد و رایگەیاند بە کردەیی 7 ساڵ زیندانی دەکرێت، هەروەها پابەند کرا بە گەڕاندنەوە و پێبژاردنی زیاتر لە 28 ملیار دینار.

دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا روونیکردەوە، دادگا دوو سزای بەسەر ئەو پەرلەمانتارەدا سەپاندووە؛ سزای یەکەم 7 ساڵ زیندانی بۆ دەستکەوتی نایاسایی و سزای دووەم 3 ساڵ بۆ شاردنەوەی دارایی. بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا، تەنیا سزا قورسەکەیان (7 ساڵ زیندانی) جێبەجێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، دادگا بڕیاری دادپەروەرانەی دا بە گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو پارانەی بە نایاسایی دەست کەوتوون، لەگەڵ پێبژاردن بە هەمان بڕ، کە کۆی گشتیی پارەکە دەگاتە 28 ملیار و 157 ملیۆن دینار، هاوکات دەست بەسەر تەواوی موڵک و سامانەکەشیدا دەگیرێت.

هەڵمەتی بەرەبەیان یەکێکە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە مێژووی نوێی عێراقدا. سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر و هێزە تایبەتەکانی سوپا، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ سەر ماڵ و شوێنی مانەوەی دەیان بەرپرسی باڵا، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و بازرگانە گەورەکان لە ناوچەی سەوز و چەندین پارێزگای دیکە دەست پێکرد.

ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە رێکخراوەکانی گەندەڵی و گێڕانەوەی ئەو پارە و سامانە زۆرەیە لە داهاتی گشتی دزراون. لە قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەیان کەسایەتیی باڵا دەستگیر کران. دیارترین دەستگیرکراوەکان پێکهاتبوون لە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، عەلی مەعاریج بریکاری وەزارەتی نەوت، لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی دیکە.

لە ئەنجامی پشکنین و هەڵکوتانە سەر ماڵی تۆمەتبارەکان، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە پارەی نەختینەدا گرتووە، قەبارەکەی بە دەیان ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و سەدان ملیار دیناری عێراقی خەمڵێنراوە. هاوکات دەست بەسەر دەیان ئۆتۆمبێلی گرانبەها، زێڕ و سەنەدی خاوەندارێتیی سەدان خانووبەرەدا گیراوە.