پارتی: پێویستە هاووڵاتیان لە تیرۆریستان جیا بکرێنەوە

مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە رووداوی شەهیدبوونی دوو گەنجی کورد لە پردێ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەکات.

29ـی ئەیلوولی 2026، مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، رووداوی گیانلەدەستدانی دوو گەنجی کورد لە پردێ مایەی خەم و پەژارەیە. راشیگەیاند، پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل ئەرکێکی سەرەکی و لەپێشینەیە و پێویستە هەموولایەک بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییە فەرمییەکان پێویستە پارێزەری راستەقینەی ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتیان بن و بەوپەڕی وریاییەوە ئەرکەکانیان راپەڕێنن. بەپێی راگەیەندراوەکە لە کاتی هەر هێرش و رووبەڕووبوونەوەیەکی دژ بە تیرۆر، پێویستە هاووڵاتیانی سڤیل لە تیرۆریستان جیا بکرێنەوە و گیانیان پارێزراو بێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، داوا لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، بەپەلە لێژنەیەکی تایبەت و دادپەروەر بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و راستییەکانی ئەم رووداوەی پردێ پێکبهێنێت. جەختیشکراوەتەوە، پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر کەمتەرخەمان بگیرێتە بەر.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید محەممەد هێمن و موراد زانا کرد و هیوای سەبووری بۆ کەسوکاریان خواست.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، کەسوکاری محەممەد هێمن، ئەو مێردمنداڵەی لە شەڕەکەی پردێ بێسەروشوێن بوو، تەرمەکەیان لە یەکەی پزیشکیی دادی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکووک دۆزییەوە.

کەسوکاری ئەو مێردمنداڵە بە کوردستان24ـیان راگەیاند، ئامادە نین تەرمەکەی وەربگرن، لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرمەکەیان بە ناوی چەکداری داعش رادەستی نەخۆشخانە کردووە. ئەوان ئەو تۆمەتە بە توندی رەتدەکەنەوە و، گوتیان، کوڕەکەیان منداڵ بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە رێکخراوی داعشەوە نەبووە، بەڵکوو هێزە ئەمنییەکان بە هەڵە کوشتوویانە و ئێستاش دەیانەوێت وەک "تیرۆریست" لە قەڵەمی بدەن.