ئۆجەلان: دەبێت چەکدارەکان بگەڕێنەوە نێو ژیانی مەدەنی و سیاسی
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی ئاشتی و یەکگرتنی دیموکراسی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا رایگەیاند، تێپەڕین لە قۆناخی شەڕی چەکداری بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە گۆڕانکاریی قووڵی سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتی هەیە؛ هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی پەکەکە کۆتایی هاتووە و نابێت چیتر ستایشی چەک بکرێت.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ کۆنفرانسەکە کە لەلایەن ناوەندی کاروباری کوردی رێکخرابوو، ئاماژەی بەوە کرد، ئاشتی تەنیا بە پەیماننامەیەک یان بە یاسایەک دروست نابێت، چەکدانان تەنیا دەستپێکێکە، ئەوەی دەمێنێتەوە بنیاتنانی کۆمەڵگەیە، دەربازبوون لە شەڕی چەکداری بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام، پێویستی بە وەرچەرخانێکی سیاسی، یاسایی، دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتیی درێژخایەن هەیە کە ئامانجی سەرەکیی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بێت.
سەبارەت بە چارەنووسی پەکەکە، ئۆجەلان رایگەیاند، پەکەکە من دامەزراند، وەک خەباتێکی مانەوە بەپێی هەلومەرجی سەردەمی خۆی سەریهەڵدا، پەکەکە بوونی کوردی سەلماند و زنجیری ئینکاری شکاند، لە جیهانی ئەمڕۆدا، گەلی کورد راستییەکی مێژووییە و چیتر نکۆڵی لێ ناکرێت، لەبەر ئەوە ئەرکی مێژوویی جووڵانەوەکەمان تەواو بووە.
ئۆجەلان روونیشی کردەوە، وەک هەر پێکهاتەیەکی شۆڕشگێڕی، پەکەکەش کاتێک ئەرکەکەی تەواو کرد، دەبێت بگۆڕێت بۆ شێوازێکی نوێ، هەڵوەشاندنەوە یان کۆتاییهێنان، بە واتای تەسلیمبوون نایەت، بەڵکو گواستنەوەیە بەرەو قۆناخێکی نوێی مێژوویی، ئەگەر پێداگری لەسەر شێوازە کۆنەکە بکەین، گەورەترین زیان بە گەلی کورد دەگات.
ئۆجەلان رایگەیاند: دەبێت چیتر ستایشی چەک نەکرێت، بەڵکو کۆمەڵگە بنیات بنرێت، سیاسەتی دیموکراسی جێگەی ستراتیژیی شەڕی رزگاریی نیشتمانیی گرتووەتەوە، لەم قۆناغەدا بەهێزترین چەکی ئێمە بریتییە لە: وتە، یاسا، و کۆمەڵگەی رێکخراو.
ئۆجەلان داواشی کرد، ئەو کەسانەی خەباتی چەکدارییان کردووە، دەبێت بتوانن بگەڕێنەوە نێو ژیانی مەدەنی و سیاسی، و دەرفەتی ئەوەیان هەبێت لە نێو سیاسەتی دیموکراسیدا بەرپرسیارێتی وەربگرن و ببنە بەشێکی کارا لە سەردەمی بێچەک و بێ توند و تیژی.