رووسیا دژی کشانەوەی ئێرانە لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، مۆسکۆ بە هیچ جۆرێک نایەوێت ئێران لە "پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی" (NPT) بکشێتەوە، هاوکات داوای لە تاران کرد لێدوان و هەڵوێستەکانی لەسەر ئەم پرسە روون بکاتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەنگی کشانەوە لە پەیماننامەکە لە ناوخۆی ئێراندا بە بەهێزی دەبیسترێت.
سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026، کرێملن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە هیچ ویستێکمان بۆ دەرچوونی ئێران لە پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی نییە و لێدوانەکانی تاران لەم بارەیەوە پێویستیان بە روونکردنەوەی زیاترە." بەم هەڵوێستەش، رووسیا بووە دیارترین ئەکتەری نێودەوڵەتی کە بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ ئەگەری کشانەوەی ئێران لەو پەیماننامەیە نیشان بدات.
پێسکۆڤ، ڕایگەیاند: "دۆست و هاوبەشە ئێرانییەکانمان لەسەر ئاستە جیاوازەکان بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە کە ئێران خەریکی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نییە و هیچ پلانێکیشی بۆ ئەو کارە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئێران تەواو پابەندە بە ئەرک و بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی سیستەمی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمیدا."
گوتەبێژی کۆشکی کرێملن ئاماژەی بەوەش کرد، هاوکات لەگەڵ پابەندبوونی بە ڕێساکانی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی، تاران پێداگری لەسەر مافی خۆی دەکات لە پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە و ژێرخانێکی ستراتیژی لەناوخۆی وڵاتەکەیدا.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، پرسی کشانەوە لە پەیماننامەی NPT لەنێو کایەی سیاسیی ئێراندا گەرم بووە؛ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی تاران و پەرلەمانتاران لە بەیاننامەیەکدا داوایان کردووە هاوکارییەکان لە چوارچێوەی پەیماننامەکە رابگیرێن و دەست بە رێکارەکانی کشانەوە بکرێت.
هەروەها موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشداری دابوو لەوەی هەڵوێستە "سیاسی و وێرانکەرەکانی" ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە دژی تاران، دەکرێت وڵاتان بەرەو کشانەوە لە NPT پاڵپێوە بنێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکە بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ئەوروپا دۆسیەی پابەندنەبوونی تارانی رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
سەرەڕای ئەم هەڵوێستانە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەردەوامە لە دووپاتکردنەوەی ئەوەی وڵاتەکەی بە هیچ جۆرێک بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا ناچێت و ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەر تاران ئەو نیەتەی هەبووایە، لە بنەڕەتەوە نەدەچووە نێو پەیماننامەکەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێشتر رایگەیاندبوو بەهۆی ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر دەستڕاگەیشتنی پشکێنەران بە هەندێک لە بنکە ئەتۆمییەکان، ناتوانێت بە تەواوی دڵنیا بێتەوە لەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ مەبەستی سەربازی بەکارناهێنرێن؛ ئەم پرسەش بووەتە گرێکوێرەیەکی سەرەکی لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران، کە لە رێگەی قەتەر و پاکستانەوە بەڕێوە دەچن.
پزیشکیان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (CBS)ی ئەمریکی رایگەیاندبوو، ئەگەر چوارچێوەی رێککەوتنێک دیاری بکرێت، ئێران رێگە بە گەڕانەوەی پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە نیویۆرک باسی لەوە کردبوو، دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە رۆژی حەوتەمی جێبەجێکردنی پلانی کردنەوەی گەرووی هورمز دەستپێدەکات.
دەستوەردان و هەڵوێستی روون و ئاشکرای کرێملن بە پەیامێکی قورس بۆ تاران دادەنرێت؛ رووسیا لە ماوەی قەیرانەکەدا هاوبەشێکی سەرەکیی دیپلۆماسی و ئابووریی ئێران بووە و داواکارییەکانی ئەمریکای بۆ فشارخستنەسەر تاران رەتکردووەتەوە.
چاودێران پێیان وایە پەیامەکەی مۆسکۆ ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کشانەوە لە پەیماننامەی NPT تەنانەت لەلایەن نزیکترین هاوپەیمانی تارانەوە هێڵێکی سوورە؛ چونکە ئەو هەنگاوە دەرگای دیپلۆماسی بە یەکجاری دادەخات و دەبێتە هۆی پەرەسەندنێکی سەربازیی گەورە کە مۆسکۆ لەم کاتەدا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.