عێراق رێکاری توند بەرامبەر کرێکارە بیانییە نایاساییەکان دەگرێتەبەر

لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ بەدواداچوون و وردبینیکردن لە دۆخی کرێکارانی بیانی لە سەرتاسەری عێراقدا.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ 29ـی سێشەممە 2026، فەریق یەکەمی روکن عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد کە تێیدا نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بەڕێوەبەری گشتیی باری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری شۆڕەوانی (نشینگە)، لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی نیشتمانی، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و نوێنەرانی نووسینگەی فەرماندەی گشتی ئامادەی بوون.

کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی راسپاردەکانی فەرماندەی گشتی لەبارەی بەدواداچوونی دۆخی کرێکارانی بیانی لە عێراق و دڵنیابوونەوە لە دروستیی رێکارە یاساییەکان، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا و رێنماییە بەرکارەکاندا بگونجێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، عەبدولئەمیر شەممەری جەختی لە گرنگیی رێکخستنەوەی بازاڕی کار لە وڵات کردەوە، بە شێوەیەک هاوسەنگی لەنێوان پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ و سوودوەرگرتن لە پسپۆڕیی و شارەزاییە پێویستەکان بەدی بێت.

هاوکات ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند بەرامبەر بە هەر حاڵەتێکی کارکردنی نایاسایی کرێکارانی بیانی کردەوە، هەروەها دووپاتکرایەوە کە پێویستە رێکارەکانی وردبینی و چاودێری لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە چڕتر بکرێنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو لێکەوتە نەرێنییە ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییانەی کە سەرپێچییەکان دروستی دەکەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بە بەردەوامیی چاودێریکردنی ئەم پرسە دا و رایگەیاند، کۆمەڵێک پێشنیاز و راسپاردەی پێویست ئامادە دەکرێن تاوەکو لە پێناو بڕیاردانی کۆتاییدا، ئاراستەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بکرێن.