نێردەی تایبەتی پووتین لە واشنتن تاوتوێی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و کەرتی وزە دەکات

بەرپرسێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە واشنتن زنجیرەیەک گفتوگۆی بنیاتنەری لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجامداوە لەبارەی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و دەرفەتەکانی هاوکاری لە کەرتی وزە لە قۆناخی دوای جەنگدا.

سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کیریل دمیتریێڤ، نێردەی تایبەتی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و هاوکات سەرۆکی سندووقی سەروەریی دارایی رووسیا، سەردانی واشنتنی کردووە بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ململانێی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکانی دمیتریێڤ لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا، سەرنج خراوەتە سەر تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییە هاوبەشە ئەگەرییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ لە بواری وزەدا، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی دەکرێت دوای راوەستانی جەنگ بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەردانەکەی ئەم نێردەیەی کرێملن بۆ پایتەختی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دێت لە شاری نیویۆرک؛ زێلێنسکی لەبارەی ئەو دیدارەوە رایگەیاندبوو، لەگەڵ ترەمپ پرسی ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەستیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە لە جەنگەکەدا تاوتوێ کردووە.

هەر لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، لە سەرەتای ئەم مانگەدا ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردەکانی ترەمپ لە شاری مۆسکۆ راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین کۆبوونەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ چڕبوونەوەی گفتوگۆکانی پشت پەردە بۆ دۆزینەوەی دەروازەیەک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەقەڵەم دەدرێت.