تێچووی دروستکردنی 5 یانە کوردستیانیەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق
بۆ یەکەمجار لە مێژووی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە وەرزی 2026-2027 پێنج یانەی کوردستانی کە پێکهاتوون لە یانەکانی هەولێر و دهۆک و زاخۆ و نەرۆز و هەروەها گازی باکوور، بەشداریان لە خولەکە کردووە، کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ خەرجی دروستکردنی هەر پێنج یانەکە کردووە.
دوای بەدواداچوونێکی وورد دەرکەوتووە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە نێو پێنج یانە کوردستانیەکە، یانەی زاخۆ زۆرترین پارەی لە دروستکردنی تیپەکەی خەرجکردووە، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کوردستان24 لە سەرچاوەی باوەڕ پێکراو دەستی کەوتووە، یانەکەی دەلال نزیکەی 13 ملیار دیناری عێراقی خەرجکردووە.
زاخۆ ئەم وەرزە بە گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەکی دیار لەوانەش ئاکام هاشم و عەلی جاسم و شێرزۆد تەیمیرۆڤ و هارون ئەحمەد و چەند یاریزانێکی دیکە ئامانج رکابەری کردنە لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام ئەو یانەیە دوای تێپەڕبووبی هەشت گەڕ نەیتوانیوە ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەست بهێنێت و هەر ئەمەش وایکردووە لە سەرەتای وەرزەوە گۆڕانکاری لە پۆستی راهێنەری یانەکەیان بکەن.
لە پلەی دووەمیش یانەکانی هەولێر و دهۆک دێن و ئەو دوو یانەیەش ئەم وەرزە لە پێناو دروستکردنی تیپەکانیان نزیکەی 7 ملیار دیناریان خەرجکردووە. یانەکەی قەڵا و منارە کە لە چوار خول و پاڵەوانێتی جیاواز کێبڕکێ دەکات ئەم وەرزە گرانبەهاترین گواستنەوەیان ئیبراهیم بایش بووە کە تێچووی گواستنەوەکەی زیاترە لە یەک ملیار دینار. لەلایەکی دیکەوە یانەی دهۆک ئەو یانەیەش سەرەڕای ئەوەی ئەم وەرزە زۆرترین گۆڕانکاری کردووە، ئەوانیش بە گواستنەوەی چەند یاریزانێک ئامانجیانە کێبڕکێی لەسەر بەدەست هێنانی ناسناوەکان بە تایبەت جامی سوپەری کەنداو بکەن.
یانەی نەورۆز ئەو یانەیەش سەرەڕای ئەوە بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەریدا هات بەڵام ئەو یانەیەش بێ جموجۆڵ نەبوو و وەلی کەریم راهێنەری یانەکە توانی چەند یاریزانێک بگوازێتەوە ریزەکانی، بە گشتی یانەکەی نەورۆزی کوردان ئەم وەرزە نزیکەی 5 ملیار دیناری لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان خەرجکردووە.
لە پلەی کۆتاییش یانەی گازی باکووری شاری کەرکووک دێت، ئەو یانەیە ئەم وەرزە بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا توانی سەرکەوێت و بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات، یانەکەی شاری کەرکوک ئەم وەرزە لە پێناو دروستکردنی تیپەکەیدا کەمترین پارەی خەرجکردووە و بە گشتی خەرجی ئەو یانەیە نزیکەی 2.2 ملیار دینار بووە.