ئەردۆغان: ئابوورییەکەمان بەهێزتر دەبێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە دەوڵەت و حکوومەت لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرسی سندووقە داراییەکان دەکەن و رایدەگەیەنێت، تورکیا لەم دۆسیەیە بە پاکبوونەوە دەردەچێت و ئابووریی وڵاتەکەش بەهێزتر دەبێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند "با گەلەکەمان دڵنیا بێت، دەوڵەت و حکوومەت کارنامە و ئەجێندای خۆیان دەزانن، ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە لە نزیکەوە چاودێریی ئەم بابەتە دەکەین و هەموو دامەزراوەکانیشمان کارەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، هاوکات نەخشەڕێگەی خۆمان بە روونی دیاری کردووە".
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە هەنگاوە فەرمییەکان کرد بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکە و گوتی "لێژنەیەکی خاوەن دەسەڵاتی تەواومان بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار پێکهێناوە بۆ ئەوەی دۆسیەی فۆند و سندووقە داراییەکان بە تەواوی روون و شەفاف بکاتەوە، هەروەها دەستەی چاودێریی دەوڵەتیشمان بۆ هەمان مەبەست راسپاردووە".
هاوکات ئەردۆغان متمانەی خۆی بە ئایندەی سیستەمی وڵات نیشان دا و جەختی کردەوە "باوەڕم وایە تورکیا لەم بابەتە بە پاکبوونەوە و سەربەرزی دەردەچێت؛ بەمەش ئابوورییەکەمان بەهێزتر دەبێت و سیستەمەکەش چالاکتر و کاراتر دەبێتەوە".