ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبیی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبیی پەسەند کرد و بڕیاری دا ئاراستەی پەرلەمانی بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی لە بەغدا راگەیاند "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بە زۆرینەی دەنگ دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی درا و بڕیاریش درا بە مەبەستی پەسەندکردن و دەنگدان لەسەری، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (پەرلەمان) بکرێت".
هاوکات نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام دا و لە کاتی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی گشتی و ژمارەیەک پڕۆژەیاسا و بڕیاری گرنگ کرا.