سیروان بارزانی: کشانەوەی هاوپەیمانان کاریگەریی خراپی لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاری دەبێت

سوپاسالاری پێشمەرگە: پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە بەرپرسیارێتیی حکوومەتی عێراقدایە

سیروان بارزانی رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان دەبێت و دڵەڕاوکێ دروست دەکات؛ هاوکات سوپاسالاری پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر زەمین بۆ هەر هەڕەشەیەک ئامادەن.

سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026، سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کارێکی ئەرێنی نییە، بە تایبەت کاریگەرییەکی خراپی لەسەر هەماهەنگی ئاڵوگۆڕی زانیاریی و هاوکارییەکانی پێشمەرگە دەبێت.

هاوکات ئاماژەی دا، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان و ئاوارەکان دروست دەکات

هەروەها عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە هەر لەو بارەوە بە کوردستان24ـی رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە لە پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە هەر هەڕەشەیەک بەردەوام بووە، هاوکات پاراستنی ئاسمانی هەرێم لە بەرپرسیارێتیی حکوومەتی عێراق بووە.

گوتیشی: بە درێژایی ئەو ماوەیەی هێزەکانی هاوپەیمانان لێرەبوونە، ئەرکەکەیان بۆ پاراستنی هەرێم بەباشی جێبەجێ کردووە، پشتڕاستیشی کردووە، لە ماوەیەی رابردوودا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەک و درۆنی بووەتەوە.

سوپاسالاری پێشمەرگە لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ئاماژەی دا، مەرج نییە بە کشانەوەی ئەوان هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هەڕەشە ببێتەو، هێزەکانی پێشمەرگە لە سەر زەمین بۆ هەر هەڕەشەیە ئامادەیە و لە سایەی ئەوانەوە هەرێم لە دەستێکی ئەمین دایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی 30ـی ئەیلوولی لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن، هێزەکانی ئەمریکا لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنەوە.