سووریا دەستگیرکردنی شانەیەکی سەر بە حزبوڵڵا لە درعا رادەگەیەنێت
دەسەڵاتدارانی ئەمنیی سووریا رایانگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختەدا لە پارێزگای درعا لە باشووری وڵات، توانیویانە پیلانێکی حزبوڵڵای لوبنان بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی پووچەڵ بکەنەوە و سەرجەم ئەندامانی شانەیەکی پەیوەندیدار بەو گرووپە دەستگیر بکەن.
سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، دەزگای هەواڵگریی گشتی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە ناوچەی حەوزی یەرمووک لە پارێزگای درعا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان ئەنجامداوە و دەستیان بەسەر شانەیەکی سەر بە حزبوڵڵای لوبناندا گرتووە کە سەرقاڵی داڕشتنی پیلانێکی تێکدەرانە بوون.
فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شانەکە لە سێ کەس پێکهاتبوون و دوای چاودێرییەکی هەواڵگریی ورد دەستگیر کراون، لە کاتێکدا سەرقاڵی ئامادەکردن و جێگیرکردنی چەندین سەکۆی هاویشتنی مووشەک بوون بە مەبەستی ئەنجامدانی پەلامار و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.
هێزە ئەمنییەکان دووپاتیان کردەوە سەکۆ مووشەکییەکان بە تەواوی هەڵوەشێنراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە، هاوکات لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباراندا بەردەوامە بۆ ئەوەی رەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێن.
ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە لە کاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە 16ی تەممووزی رابردووشدا رایگەیاندبوو، هێزەکانیان لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، دەستیان بەسەر بارێکی گەورەی چەکی پێشکەوتوودا گرتووە کە هەوڵ دەدرا لە خاکی سووریاوە بۆ سوودمەندبوونی حزبوڵڵا بەرەو لوبنان بگوازرێتەوە.