نەخشەی باڵانسی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2026، بەپێی ئەو وادە فەرمییەی پێشتر دیاریکرابوو، ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی دێت و پرۆسەی کشانەوە دەچێتە قۆناخی جێبەجێکردنی تەواوەتییەوە. لە کاتێکدا واشنتن دوای 23 ساڵ لاپەڕەی مانەوەی سەربازی لە عێراق هەڵدەداتەوە، چاوەکان لەسەر چارەنووسی تەناهیی وڵاتەکەن؛ ئایا بەغدا لەبەردەم دووبارەبوونەوەی سیناریۆی کارەساتباری کشانەوەکەی 2011 و داڕمانی دەوڵەتدایە؟

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە هاوکێشەی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی ئاڵۆز بووە؛ لە لایەک تاران تۆڕێکی گەورە لە زیاتر لە 70 گرووپی چەکداری لە ناوخۆی عێراق و دەیان هەزار چەکداری لە ناوچەکەدا هەیە، لە لایەکی دیکەش واشنتن زیاتر لە 50 هەزار سەربازی لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق جێگیر کردووە، هاوکات هێڵی بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق وەک مەترسییەکی گەورە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

 

یەکەم: نەخشەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران (بەرەی موقاوەمە)

ئێران لە رێگەی پێشکەشکردنی هاوکاریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دارایی، لۆجستی و سەربازی، تۆڕێکی بەرفراوانی لە گرووپە چەکدارەکان لە پێنج وڵاتی ناوچەکەدا بنیاتناوە:

عێراق (زیاتر لە 70 گرووپی چەکدار):

رێکخراوی بەدر: 30,000 – 60,000 چەکدار

کەتائیبی حزبوڵڵا:20,000 – 30,000 چەکدار

عەسائیبی ئەهلی حەق: 20,000 – 30,000 چەکدار

بزووتنەوەی نوجەبا: 10,000 – 20,000 چەکدار

کەتائیبی سەیدوشوهەدا:10,000 – 20,000 چەکدار

لوبنان:

حزبوڵڵا: 30,000 – 45,000 چەکدار

فەڵەستین:

بزووتنەوەی حەماس: 15,000 – 20,000 چەکدار

جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین: 1,000 – 10,000 چەکدار

یەمەن:

بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان): 10,000 – 30,000 چەکدار

بەحرەین:

سەرایا ئەشتەر: لە ساڵی 2012 دامەزراوە (ژمارەی چەکدارەکانی نادیارە)

 

دووەم: قەبارە و دابەشبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و پاڵپشتیی هاوپەیمانەکانی، زیاتر لە 50 هەزار سەربازی لە بنکە جیاوازەکاندا جێگیر کردووە:

قەتەر 10,000 سەرباز

کوەیت 10,000 سەرباز

ئیمارات 3,000 – 5,000 سەرباز

بەحرەین 4,700 سەرباز

ئوردن 3,000 سەرباز

سعوودیە 2,000 – 3,000 سەرباز

تورکیا 1,500 – 2,000 سەرباز

جیبووتی 4,000 سەرباز

میسر426 سەرباز

ئیسرائیل+100 سەرباز

لوبنان 76 سەرباز

 

سێیەم: مێژووی 23 ساڵ لە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق (2003 – 2026)

ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە؛ لە لوتکەی هێزەوە بۆ کشانەوە و دواتر گەڕانەوە دژی داعش:

2003 رووخانی رژێمی بەعس): 150,000 سەرباز

2004 رووبەڕووبوونەوەی یاخیبووان: 130,600 سەرباز

2005 هەڵبژاردن و دەستوور: 143,800 سەرباز

2006 شەڕی تایفی: 141,100 سەرباز

2007 لوتکەی سەربازی و پلانەکانی ئەنبار و بەغدا: 170,000 سەرباز

2008 رێککەوتننامەی ئەمنی - سۆفا: 157,800 سەرباز

2009 کشانەوە لە شارەکان: 135,600 سەرباز

2010 گۆڕینی ئەرک بۆ ڕاوێژکاری: 88,300 سەرباز

2011 – 2013: کشانەوەی تەواوەتی لە (18/12/2011) و گەیشتن بە سفر

2014 گەڕانەوە بۆ شەڕی داعش: 1,500 – 3,100 سەرباز

2015 – 2017 ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین و رزگارکردنی مووسڵ: 3,500 بۆ 5,260 سەرباز

2018 – 2019 راوێژکاری و راهێنان: 5,200 سەرباز

2020 قۆناخی کۆرۆنا و یەکخستنی بنکەکان: 3,000 سەرباز

2021 – 2025 ئەرکی راوێژکاری و کەمکردنەوەی هێزەکان: 2,500 سەرباز

2026 کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بەپێی رێککەوتن: تەنیا نزیکەی 300 سەرباز

چوارەم: پەندەکانی کشانەوەی 2011؛ چۆن بۆشایی دەسەڵات عێراقی بەرەو داڕمان برد؟

ئەزموونی کشانەوەی یەکەمی ئەمریکا لە کۆتایی 2011دا دەریخست کە نەمانی هاوسەنگی، کێشە سیاسی و مەزهەبییەکانی قووڵتر کردەوە و دەرگای بۆ داگیرکاریی داعش واڵا کرد:

18ی کانوونی یەکەمی 2011: کشانەوەی یەکجاریی کاروانە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرەو کوەیت.

19ی کانوونی یەکەمی 2011: دەستبەجێ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تاریق هاشمی، جێگری سوننەی سەرۆککۆمار.

9ی ئەیلوولی 2012: دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ تاریق هاشمی بە غیابی.

20ی کانوونی یەکەمی 2012: هەڵکوتانە سەر ماڵی رافیع عیساوی، وەزیری دارایی و دەستپێکردنی خۆپیشاندانی پارێزگا سوننەکان.

23ی نیسانی 2013: کۆمەڵکوژیی مەیدانی مانگرتووانی حەویجە لەلایەن سوپای عێراقەوە.

30ی کانوونی یەکەمی 2013:پەلاماردانی گۆڕەپانی مانگرتنی رەمادی و بەرپابوونی شەڕی چەکداری لە ئەنبار.

2 – 4ی کانوونی دووەمی 2014: کەوتنی شاری فەلووجە و بەشێکی رەمادی بەدەستی گرووپە چەکدارەکان.

10ی حوزەیرانی 2014: کەوتنی کتوپڕی شاری مووسڵ و دواتر سەڵاحەدین، دیالە و کەرکووک بەدەست داعش.

3ی ئابی 2014: هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و جینۆسایدکردنی کوردی ئێزدی.

8ی ئەیلوولی 2014: دوورخستنەوەی نووری مالیکی لە دەسەڵات بەهۆی گوشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و دەستبەکاربوونی حەیدەر عەبادی.

 

پێنجەم: هێڵی 560 کیلۆمەتری؛ بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق

 

یەکێک لە مەترسیدارترین دەرهاویشتەکانی دوای ساڵی 2003 و بەتایبەت رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، دروستبوونی هێڵێکی فراوانی بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا:

درێژایی بۆشاییەکە: زیاتر لە 560 کیلۆمەتر (لە خانەقین و سنووری ئێرانەوە تا سحێلا لەسەر سنووری سووریا).

ناوچە سەرەکییەکان: کەرکووک، مەخموور، دیالە، خانەقین، مووسڵ و سحێلا.

ناوەندە هاوبەشەکان: لە ساڵی 2015دا بە سەرپەرشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چوار ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری دامەزران، بەڵام لە ئێستادا کارەکانیان بە تەواوی پەکیان کەوتووە.

ئەم ناوچە فراوانە کە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هیچ هێزێکدا نییە، بووەتە مۆڵگە و حەشارگەی بەردەوامی پاشماوەکانی داعش و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان، کە بەردەوام وەک سەکۆیەک بۆ پەلاماردانی هێزە ئەمنییەکان و ئاراستەکردنی مووشەک و درۆن بەرەو هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن.