پردێ.. هاووڵاتییان لەسەر کوژرانی محەممەد هێمن رژانە سەر شەقام و رێگەی سەرەکییان داخست
لە شارۆچکەی پردێ، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی ناوچەکە لەسەر دۆسیەی محەممەد هێمن هاتوونەتە سەر شەقام و داوای سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە تەقەیان کردووە و لە ڕووداوەکەدا تێوەگلاون، هاوکات بەهۆی گردبوونەوەکەشەوە هەردوو سایدی شەقامی سەرەکی داخراون.
دانیشتووانی پردێ بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر رووداوەکە کۆبوونەتەوە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگا دەکەن بە زووترین کات بکەرانی تەقەکردنەکە دەستگیر بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.
بەهۆی فراوانیی ناڕەزایەتییەکان و ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، ئێستا هەردوو سایدی شەقامی سەرەکیی شارۆچکەی پردێ لەلایەن هاووڵاتییانەوە داخراوە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل پەکیکەوتووە، خۆپیشاندەرانیش جەخت لەوە دەکەنەوە تا کاتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و سزادانی تاوانباران، لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردەوام دەبن.
ئەمە لەکاتێکدایە پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاندبوو، بەیانیی رۆژی سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، کەسوکاری محەممەد هێمن، ئەو مێردمنداڵەی لە شەڕەکەی پردێ بێسەروشوێن بوو، تەرمەکەیان لە یەکەی پزیشکیی دادی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکووک دۆزییەوە.
کەسوکاری ئەو مێردمنداڵە بە کوردستان24ـیان راگەیاند، ئامادە نین تەرمەکەی وەربگرن، لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرمەکەیان بە ناوی چەکداری داعش رادەستی نەخۆشخانە کردووە. ئەوان ئەو تۆمەتە بە توندی رەتدەکەنەوە و، گوتیان، کوڕەکەیان منداڵ بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە رێکخراوی داعشەوە نەبووە، بەڵکوو هێزە ئەمنییەکان بە هەڵە کوشتوویانە و ئێستاش دەیانەوێت وەک "تیرۆریست" لە قەڵەمی بدەن.
بەڵام دوای بەدواداچوونی یاسایی و دەرچوونی بڕیاری دادگا، ناوی راستکرایەوە و وەک شەهید ناسێنرا، پاس ئەوە تەرمەکە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە وەرگیرایەوەو بەخاک سپێردرا.
وەک کەسوکارەکەشی ئاماژەیان بۆ کردووە ئەم دۆسیەیە بەکراوەیی دەهێڵنەوەو ئەوان لە خوێنی بەناحەق رژاوی کوڕەکەیان کە تاقانەی حەوت خوشک بووە بە ئاسانی خۆش نابن، چونکە ئەمە غەدرێکی گەورەیە لێیان کراوەو دەبێت سرپێچیکارانی ئەم کردوەیە بەسزای یاسایی بگەن، دەبێت ئەوە روونبکەنەوە کە بۆچی و بەچ بیانوویەک کوڕەکەی ئەوان بەئامانج گیراوەو ئاوا شەهیدیانکرد
هەروەها مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، رووداوی گیانلەدەستدانی دوو گەنجی کورد لە پردێ مایەی خەم و پەژارەیە. راشیگەیاند، پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل ئەرکێکی سەرەکی و لەپێشینەیە و پێویستە هەموولایەک بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییە فەرمییەکان پێویستە پارێزەری راستەقینەی ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتیان بن و بەوپەڕی وریاییەوە ئەرکەکانیان راپەڕێنن. بەپێی راگەیەندراوەکە لە کاتی هەر هێرش و رووبەڕووبوونەوەیەکی دژ بە تیرۆر، پێویستە هاووڵاتیانی سڤیل لە تیرۆریستان جیا بکرێنەوە و گیانیان پارێزراو بێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، داوا لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، بەپەلە لێژنەیەکی تایبەت و دادپەروەر بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و راستییەکانی ئەم رووداوەی پردێ پێکبهێنێت. جەختیشکراوەتەوە، پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر کەمتەرخەمان بگیرێتە بەر.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید محەممەد هێمن و موراد زانا کرد و هیوای سەبووری بۆ کەسوکاریان خواست.
هەروەها فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشەدا، داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە و ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەن دەکەن لەبارەی شەهیدکردنی دوو گەنجی کورد لە سنووری شارەدێی پردێ.
هەر دوێنێ سێشەممە، سەباح نوعمان گوتەبیژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی: ئەوەی روویداوە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی بووە، رۆژانەش هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنی لەناکاو دەکەن، ئەو ئۆپەراسیۆنەشی لە پردێ کراوە، دەزگای دژە تیرۆر زانیاریی هەواڵگری لە بارەی بوونی دوو ئەندامی خۆکوژی داعش هەبووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانرا هەردوو چەکدارەکەی داعش بکوژن و کەسی سێیەمیش دەستگیر بکەن.سەباع نوعمان گوتیشی: ئۆپەراسیۆنەکان بەشێکن لە چالاکییەکانی ریشەکێشکردنی چەکدارە پاشماوەکانی رێکخراوی داعش.
ئاماژەی دابوو، لە بارەی کوژرانی ئەو دوو مێرمنداڵەی لە رووبەڕووبوونەوەکەی پردێ کوژراون، لێکۆڵینەوە دەکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە ئامادەیی تەواودان بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی داعش و لەنێوبردنیان.
راشیگەیاندبوو: "پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی رادەگەیەنین."
رۆژی یەکشەممە، 27ـ ئەیلوولی 2026، لە ئەنجامی پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان کەرکووک و پردێ، وێڕای کوژرانی دوو چەکداری داعش هەرلەوێ مێرمنداڵێک کوژراو هاوکات مێردمنداڵێکی دیکە بە ناوی محەممەد هێمن، بێسەروشوێن بوو کە دواتر تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی ئازادی دۆزرایەوە.
ئێستا ئەم بابەتە ناڕەزایی خەڵکی پردێی لێکەوتووەتەوە هاووڵاتییان لەو شارۆچکەیە رژاونەتە سەرشەقام و داوای دادگایی کردنی ئەوانە دەکەن کە کەمتەرخەمیان لەم پرۆسەیەدا کردووەو داوا دەکەن ئەو کەسانە سزا بدرێن.