سوپای یەمەن بە 414 ئۆپەراسیۆن پێگەی حووسییەکانی بۆردومان کرد
گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزەکانیان لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 414 ئۆپەراسیۆنی وردیان دژی جموجووڵ و تواناکانی حووسییەکان بەڕێوەبردووە. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، کە لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی جەنگدا کراون، چەندین کەرەستەی سەربازیی نوێ و جۆراوجۆر بەکارهاتوون.
مەجید نزیلی، گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن،لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان سەرجەم ئامانجەکانیان پێکاوە و ژمارەیەک چەکدار و کەرەستەی سەربازیی حووسییەکانیان لە چالاکی خستووە.
لە بەرامبەردا، حووسییەکان بە چوار مووشەکی بالیستی، گەڕەکە نیشتەجێبووەکانی توربەیان لە باشووری پارێزگای تائیز کردە ئامانج. سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵی سەبای راگەیاند، بۆردومانەکە زیانی ماددیی زۆری بە ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان گەیاندووە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتووانی ناوچەکەدا.
شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە چەکدارەکانی یەمەن و حووسییەکان لە ژمارەیەک پارێزگادا بەردەوامە. هێزە چەکدارەکان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆن بۆ کردنە ئامانجی پێگە و جموجووڵەکانی ئەو گرووپە، بەتایبەت لەو ناوچانەی تائیز کە خاوەن پێگەی ستراتیژین.