قاسم ئەعرەجی: کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان نییە
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق، بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە بۆ هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگریی دووقۆڵی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەمڕۆ دەگەینە وێستگەیەکی گرنگ بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بوونی هێزەکانیان، هەروەها گواستنەوە بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان، ئەمەش سەروەری جێگیر دەکات و خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئاواتەکانی گەلی عێراق دەکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەعرەجی روونیکردەوە، سەرکەوتن بەسەر داعش بە قوربانیدانی عێراقییەکان و ئازایەتیی هێزە چەکدارەکان بە جۆر و پێکهاتە جیاوازەکانیان بەدیهاتووە. هاوکات پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست و برای عێراق، رۆڵێکی بەرچاوی لەو سەرکەوتنانەدا هەبووە و بەرز دەنرخێنرێت.
ئەعرەجی دووپاتیکردەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانییەکە بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشی نییە، بەڵکو گواستنەوەیە بۆ پەیوەندیی دووقۆڵیی بەهێزتر. ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، بەردەوامیی هاوکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون و بنیاتنانی تواناکان لەخۆ دەگرێت، تا ئاسایش و سەقامگیری بەهێز بکرێت و پشتیوانیی ئاواتەکانی گەل بۆ ئاشتیی بەردەوام، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بکرێت.