وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمریکا هێزە دەریاییەکانی لە عێراق دەهێڵێتەوە

لەمڕۆوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکشێتەوە، بەڵام ئەمریکا بەشێک لە هێزە دەریاییەکان و توانا هەواڵگرییەکانی بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکەی دەهێڵێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، دوا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە عێراق.

 رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی وردەکارییەکانی دوای کشانەوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ژمارەیەک ئەفسەر و سەربازی هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق دەمێننەوە.

رۆژنامەکە باسی لەوە کرد، ئەمریکا توانا هەواڵگرییەکانی لە عێراق دەهێڵێتەوە، ئەمەش بۆ مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکان. هاوکات بەشێک لە بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە عێراق بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکەی لە کارکردن بەردەوام دەبێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەمریکا هۆشداریی توندی بە حکوومەتی عێراق داوە لەبارەی دروستکردنی هەر مەترسی و هەڕەشەیەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی.

کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق پاش رێککەوتنێکی نێوان واشنتۆن و بەغدا دێت پێش دوو ساڵ بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش. 

بەپێی رێککەوتنەکە، ئەرکی ئەمریکا لە عێراق لە سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ راوێژکاری و پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماسی. لە ماوەی رابردوودا بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی چەندین هێرشی گرووپە چەکدارەکان بوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە ئەمریکا هۆشداری بداتە عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپانە.