ئێران تاوتوێی وەڵامی ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ دەکات

بەرپرسێکی ئاگادار رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و تیمەکەی، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە دەوحە لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری کۆبوونەتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی ئەمریکای سەبارەت بە پێشنیاری حەوت رۆژەکە وەرگرتووە و ئەمڕۆ چوارشەممە لە تاران تاوتوێی دەکات.

بەگویرەی زانیاریییەکانی رۆیتەرز کە بلاوی کردووەتەوە، ئەو بەرپرسە ئاشکرایکرد، ناکۆکیی سەرەکیی نێوان هەردوو لا پەیوەندی بە ریزبەندیی هەنگاوەکانەوە هەیە، نەک ناوەڕۆکی پلانی حەوت رۆژەکە کە ئێران پێشتر پێشکەشی کردبوو بەمەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە، ئەو بەڵگەنامەیەی دانوستانی لەسەر دەکرێت، پلانی حەوت رۆژەیە بۆ بنیاتنانی متمانە و گەڕانەوە بۆ وەشانی نوێکراوەی ئەو یاداشتنامەی لێکگەیشتنەی کە ئەمریکا و ئێران مانگی حوزەیرانی رابردوو لە ئیسلامئاباد واژۆیان کردبوو.

سەرچاوەیەکی باڵا ئاشکرایکرد، پلانی حەوت رۆژەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە پێش ئەوەی باس لە هەر پێشکەوتنێک بکرێت. ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، دانوستانەکان گواستراونەتەوە بۆ قۆناخی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پلانەکە، کێ دەستپێدەکات و گەرەنتییەکان چین. ئاماژەی بەوەشکرد نێوەندگیران کاردەکەن بۆ ئەوەی دانوستانەکان بگەڕێننەوە بۆ رێڕەوێکی بەرفراوانتر کە دۆسیەی ناوەکییش دەگرێتەوە.

سێشەممە قەتەر هیواخواز بوو هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکا ببنە هۆی بەدیهێنانی پێشکەوتنی بەرچاو، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو راپۆرتە میدیاییانەی رەتکردەوە کە ئاماژەیان بە ئامادەییی ئەو بۆ سووککردنی سزاکان لەسەر تاران و ئازادکردنی پارە بەستراوەکانی بەرامبەر بە وەرگرتنی سازش لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی کردبوو.

لای خۆیەوە ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کارکردن بۆ کۆبوونەوەکان و گەیاندنی پەیامەکان لەنێوان لایەنەکاندا بەردەوامە و کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک کە هەموومان لە دەرهاویشتەکانی ململانێکان رزگار بکات.

دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی دووشەممە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە ئەو راپۆرتانەی ئەکسیۆس و سی ئێن ئێن-ی رەتکردەوە کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە -بێ ئەوەی ناویان بهێنن- گواستیانەوە کە ئەو ئامادەیە سزاکان لەسەر ئێران سووک بکات و پارە بەستراوەکانی ئازاد بکات لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی کۆتاییدا، بە مەرجی ئەوەی تاران پێشکەوتنی بەرچاو لە دۆسیەی ناوەکییدا پیشان بدات. سەرۆکی ئەمریکا لە سەکۆی تروس سوشیال نووسیویەتی: "ئەوە راست نییە، هیچ شتێکم پێشکەش نەکردوون".

لە بەرامبەردا سوپای پاسداران ترەمپی بە درۆزن ناوبرد. موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختیکردەوە، وڵاتەکەی مەرجەکانی خۆی بە ئەمریکا راگەیاندووە، بەڵام پێی وایە سەرۆکی ئەمریکا توانای بڕیاردانی نییە.

ئەمریکا و ئێران نەیانتوانیوە رێگەیەک بۆ دەرچوون لەو جەنگەیان بدۆزنەوە کە ئێستا چووەتە مانگی هەشتەمییەوە. لەکاتێکدا وا دەردەکەوت دانوستانەکان لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەی رابردوو لە نیویۆرک چڕتر کرابنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکیان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لێ نەکەوتووەتەوە.