پێنتاگۆن: ئەرکی سەربازیمان لە عێراق کۆتایی هات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئێمە ئەرکی سەربازیمان لە عێراق تەواو کرد و هێزەکانمان عێراقیان جێهێشت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی جەنگی ئەرمریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاند؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە فەرمی کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە عێراق هێنا. ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەمریکا و عێراقدا هات کە لە ئەیلوولی 2024 دەرچبوو.

هەروا کشاندنەوەی هێز و کەرەستە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانی هەولێر، کۆتاییهاتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی نیشدا کە توانی داعش لە عێراق تێکشکێنێت.

لە بەیاننامەکەی پێنتاگۆندا هاتووە: پێشبینی دەکەین هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەوانەش پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی ئاسایش لە هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرکردایەتی هەوڵە بەردەوامەکان بکەن، بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەرکوتکردنی پاشماوەکانی داعش. هەروەها جەختکراوەتەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی راهێنانی ئامانجدار و پشتیوانی هەواڵگری بۆ هاوبەشە عێراقییەکانی

وەزارەتی جەنگی ئەرمیکا دەشڵێت: ئەم وادە گرنگە، سەرکەوتنی هەڵمەتێکی 12 ساڵە دەردەخات، تێیدا داعش وەک هەڕەشەیەکی رێکخراوی سەربازی لە عێراق و ناوچەکەدا تێکشکێنرا. هەروەها نیشانەی گواستنەوەیەکی قۆناخە لە ئەرکی هاوپەیمانی جەنگییەوە بۆ هەوڵێکی ئەمنی بە سەرکردایەتی عێراق، کە لەلایەن پەیوەندییەکی ئەمنی دوو قۆڵی ئاساییەوە پشتگیری دەکرێت.

راشیگەیاند؛ "ئێستا بەرپرسیارێتی سەرەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە ئەمنییە ماوەکانی عێراق، لەوانە پاشماوەکانی داعش و ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیک لە ئێران کە سەروەری عێراق و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن، دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق. ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەپارێزێت و بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ عێراق و هاوبەشەکانی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی، داعش هەرگیز نەتوانێت لە خاکی عێراقدا خۆی رێکبخاتەوە."

لە کۆتاییدا، ئەمریکا پشتگیری لە عێراقێکی بەهێز و سەروەر دەکات کە سنوورەکانی بپارێزێت، بەرگریی لە گەلەکەی بکات و ببێتە بنەمایەک بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییە ئابوری، دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات.