یاریزانێکی ئێرانی بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ دایکی ئاهەنگ دەگێڕێت

مەهدی فەرەجپور لەگەڵ دایکی
مەهدی فەرەجپور لەگەڵ دایکی

لە خولی یانە پلە یەکەکانی ئێران و لە یاری نێوان هەردوو یانەی کاراگەستەر و مسی کێرمان، مەهدی فەرەجپور یاریزانی یانەی کاراگەستەر دوای تۆمار کردنی گۆڵی یەکەمی یانەکەی، بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ دایکی ئاهەنگ دەگێڕێت و ئەم شێوازە ئاهەنگ گێڕانەش کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

دایکی مەهدی فەرەجپوری تەمەن 23 ساڵان بۆ پاڵپشتی کردنی کوڕەکەی لە یاریگا ئامادەبوو و لە بەختی ئەو یاریزانەش لەو یارییە توانی گۆڵێک بۆ یانەکەی تۆمار بکات، فەرەجپور دوای تۆمار کردنی گۆڵەکەی بۆ لای دایکی لەسەر پەیژەکانی یاریگا رادەکات و ئاهەنگی لەگەڵدا دەگێڕێت و پێش گەڕانەوەشی بۆ یاریگا دەستی دایکی ماچ دەکات، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و بە یاریزانێکی رەوشت بەرز ناوی دەبەن.

دوای یارییەکە کاتێک پرسیار لە مەهدی فەرەجپور کرا ئایا هیچ پلانێکی هەبوو بۆ ئەمجۆرە ئاهەنگ گێڕانە، لە وەڵامدا یاریزانەکە دەڵێت '' نەخێر هیچ بیرۆکەیەکم لەسەر ئەو شێوازە ئاهەنگێڕانە نەبوو، بەڵام ئێستا زۆر دڵخۆشم کە توانیم دایکم دڵخۆش بکەم ''.