هۆکاری نیشتنەوەی فڕۆکە ئیماراتییەکە لە سعوودیە ئاشکرا بوو
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، دروستبوونی دەمەقاڵێ و توندوتیژی لەنێوان فڕۆکەوانانی گەشتێکی کۆمپانیای فلای دوبەی، کە لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەڤیڤ بەڕێکەوتبوو، بووە هۆی نیشتنەوەی ناچاریی فڕۆکەکە لە سعوودیە.
سەرچاوە ئەمنی و فڕۆکەوانییەکان پشتڕاستیانکردەوە، رووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کردەی تیرۆریستی یان هەوڵی رفاندنی فڕۆکەوە نەبووە. ناکۆکییەکە بەهۆی دەمەقاڵێ و لێدان لەنێوان هەردوو فڕۆکەوانەکەدا سەریهەڵداوە. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان هەوڵی تێکدانی کۆنترۆڵی فڕۆکەکەی داوە، بەڵام فڕۆکەوانی دووەم بە هاوکاریی تیمی فڕۆکەوانان توانیویانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
کەناڵی 14ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ناکۆکییەکان لەو کاتەدا سەریانهەڵداوە کە یەکێک لە فڕۆکەوانەکان هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ئەوەی دیکەیان رێگریی لێکردووە. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، کۆمپانیای فلای دوبەی پشتڕاستیکردەوە فڕۆکەیەکی دیکە بۆ سعوودیە دەنێرن بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکان بۆ شوێنی مەبەست.
لای خۆیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە، دۆخەکە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵدایە و هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ گەڕانەوەی سەرنشینەکان بە سەلامەتی. هاوکات ناتانیاهۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کرد.
هەر ئەمڕۆ فڕۆکەی فلای دوبەی، کە گەشتی ژمارە FZ1073 بووە و 150 سەرنشینی ئیسرائیلی هەڵگرتووە، سەرەتا نیشانەی فریاگوزاری 7700ـی ناردووە کە ئاماژەیە بۆ دۆخێکی گشتیی نائاسایی. دواتر نیشانەکە بۆ 7500 گۆڕدراوە، کە نیشانەی دەستێوەردانی نایاساییە، بەڵام پاشان دیسان بۆ نیشانەی یەکەم گەڕاوەتەوە. فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی ئەمیر سوڵتان لە تەبووک لە باکووری سعوودیە نیشتووەتەوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوەکە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئامادە کرد و ئاستی ئامادەباشیی بەرز کردەوە. ئاسمانی ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا و دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە سعوودیە، جارێکی دیکە کرایەوە. بەرپرسانی خۆجێیی سعوودیە پلانیان داناوە دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، لێکۆڵینەوە لە تیمی فڕۆکەکە و پشکنینی تەکنیکی بۆ فڕۆکەکە بکەن.