سبەی نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا
بڕیارە سبەی ێینجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، سەردانی بەغدا بکات.
پرۆسەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا جێبەجێ کراوە کە لە نێوان بەغدا و واشنتن واژۆ کراوە. لەو بارەیەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە شێوەیەکی فەرمی کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین لە عێراق هێنا.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی راگەیاندراوە هاوبەشەکەی ئەیلوولی 2024ـی نێوان ئەمریکا و عێراق و لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکادا هاتووە. هەروەها کشاندنەوەی هێز و کەلوپەلەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر، بە ئاماژەی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی ئەو ئەرکە سەربازییە وەسف کرد.
بەپێی راگەیاندراوەکە، ئەم قۆناخە نوێیە دەرەنجامی هەڵمەتێکی 12 ساڵەیە کە توانی داعش وەک هەڕەشەیەکی سەربازیی رێکخراو لە عێراق و ناوچەکەدا کۆتایی پێ بهێنێت. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوە گوزارشت لە گواستنەوەی ئەرکەکان لە فۆرمێکی جەنگییەوە بۆ هەوڵێکی ئەمنیی بە سەرکردایەتیی عێراق دەکات.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پێشبینی دەکات هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە، سەرکردایەتیی هەوڵە بەردەوامەکانی پاراستنی ئاسایشی عێراق بکەن و پاشماوەکانی داعش لە دۆخی لاوازیدا بهێڵنەوە. هاوکات ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی مەشق، راهێنان و پشتیوانیی هەواڵگری بۆ هێزە عێراقییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا روونیکردەوە، بەرپرسیارێتیی سەرەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، لەوانەش پاشماوەکانی داعش و ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران کە سەروەریی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە لاواز دەکەن، ئێستا دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق.
لە کۆتاییدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جەختیکردەوە: واشنتن پابەندە بە بەردەوامیدان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاوکارییەکانی لەگەڵ عێراق و هاوبەشانی بۆ دڵنیابوون لەوەی داعش هەرگیز نەتوانێت لە خاکی عێراقدا خۆی رێکبخاتەوە. هەروەها پشتیوانی لە عێراقێکی بەهێز و خاوەن سەروەری دەکات کە سنوورەکانی بپارێزێت و وەک بناخەیەک بۆ هاوکاریی قووڵتری بازرگانی، دیپلۆماسی و ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بمێنێتەوە.