موقتەدا سەدر: دەبێت سوپای ئەمریکا قەرەبووی زیانەکانی عێراق بکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە رایگەیاند، دەبێت سوپای ئەمریکا قەرەبوی زیانەکانی عێراق بکاتەوە.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا سەربەخۆیی عێراق و کۆتاییهاتنی یەکجاریی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەدا راگەیاند. سەدر لەم پەیامەدا چەند بڕیار و هەڵوێستێکی چارەنووسسازی بۆ قۆناخی داهاتووی عێراق ئاشکراکرد.

بەپێی راگەیەندراوێک کە نووسینگەی سەدر بڵاویکردووەتەوە، رێبەری رەوتی سەدر سوپاسی هەوڵی بەرگریکارانی پێشوو دەکات و هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی باڵی سەربازیی لیوای 'یەومول مەوعود'ـی راگەیاند. هەروەها بڕیاریدا سوپای مەهدی بۆ دامەزراوەیەک بە ناوی دامەزراوەی پشتیوانانی ئیمام مەهدی بگۆڕێت.

سەدر داوای لە سوپای ئەمریکا کردووە قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە بەر خاکی عێراق کەوتووە. ئەو داواشی لە هاووڵاتییان کردووە سکاڵای یاسایی لەو بارەیەوە تۆمار بکەن.

سەبارەت بە دەستوەردانی دەرەکی، سەدر هۆشداری بە ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ دا و جەختیکردەوە کە دەستوەردان لە کاروباری عێراق دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکان و مامەڵەی هاوشێوە لە پرسە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکاندا، بەتایبەت بۆ ئەوەی عێراق پەلکێشی ململانێ هەرێمییەکان نەکرێت. 

سەدر هیوای خواستووە ئەمریکا لە رووی دیپلۆماسییەوە مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ عێراق و حکوومەت و گەلەکەیدا بکات و لە خۆبەزلزانین دوور بکەوێتەوە.

لەبارەی قۆناخی دوای کۆتاییهاتنی داگیرکاری، سەدر پێی وایە پێویستە سێ هەنگاو جێبەجێ بکرێن:

یەکەم، قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە لە رێگەی بەرنامەیەکی ئاشکرا و دیراسەکراو، کە ئەنجامی بەرجەستە و جێی رەزامەندیی گەل و مەرجەعییەتی هەبێت. 

دووەم، سەرکردە سیاسییەکانی ئێستا دەست لەکاربکێشنەوە و بەپەلە واز لە کاری سیاسی بهێنن، تا دەرگا بۆ دەموچاوی نوێ بکرێتەوە و کۆتایی بە گەندەڵی بهێنرێت و هەنگاو بۆ چاکسازی بنرێت.

سێیەم، بەهێزکردن و کاراکردنی سەرجەم  هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەتی هێزەکانی پاسەوانی سنوور.