حەلبووسی: نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت

هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی راگەیاندن)
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی راگەیاندن)

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، جەخت دەکاتەوە، خاکی عێراق نابێتە گۆڕەپانی ململانێکان و نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت هەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەبۆنەی "رۆژی سەروەریی نیشتمانی" و کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا؛ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەروەریی عێراق دروشمێکی کاتی یان جێگەی سازش نییە، بەڵکوو مافێکی نەگۆڕ و بەرپرسیارێتییەکی دەستوورییە لەسەر شانی هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و بڕیارەکانی بە ئیرادەی گەلەکەی دەدرێن. هەروەها روونی کردەوە، عێراق نابێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و رێڕەوێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، قبووڵیش ناکەن خاک و ئاسمانی وڵاتەکەیان ببێتە ئامانجی دەستوەردان و پێشێلکاری.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هەیبەت حەلبووسی سوپاسی هەموو ئەو وڵاتە دۆستانەی کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆردا هاوکاریی عێراقیان کردووە. لەو بارەیەوە گوتی، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە واتای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکوو گواستنەوەیە بۆ قۆناخێکی نوێ لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش.

لە کۆتاییدا جەختی لە سەروەریی یاسا کردەوە و باسی لەوە کرد، بۆ بونیادنانی عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر، نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا هەبێت و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بوونی هەبێت، هەروەها هیچ بڕیارێکیش نابێت لە سەرووی بڕیاری نیشتمانییەوە بێت بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی گەل.