رووتە: شەرمە ئەوروپا بە 600 ملیۆن کەسەوە بۆ پاراستنی خۆی لە رووسیا پشت بە ئەمریکا ببەستێت

سکرتێری گشتیی ناتۆ هۆشدارییەکی توند ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات و دەڵێت، جێگەی سەرنج و شەرمە کیشوەرێک بە 600 ملیۆن دانیشتووەوە بۆ پاراستنی خۆی لە 140 ملیۆن رووسی پشت بە وڵاتێک ببەستێت کە 8 کاتژمێر لێیەوە دوورە. هاوکات رەخنەی لەوە گرت کە ئەوروپا توانای سەربازیی ئەوەی نەبوو خۆی رووبەڕووی مەترسیی ئەتۆمیی ئێران و هێرشەکانی حوسییەکان ببێتەوە و ناچار بوو چاوەڕێی دەستوەردانی واشنتن بکات.

چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2026، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە پەراوێزی لوتکەی بەرگری و بۆشایی لە برۆکسل، بە راشکاوی رەخنەی لە لاوازیی توانای سەربازی و پیشەسازیی وڵاتانی ئەوروپا گرت و ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی سەرەکیی ئەوروپا کڕینی چەک لە ئەمریکا یان بەرهەمهێنانی لەنێوخۆدا نییە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە ئایا بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئەوروپا توانای بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی هەیە.

رووتە ڕوونی کردەوە، بودجە و پارە هەیە، بەڵام کارگەکانی دروستکردنی چەک لە ئەوروپا بە شەو و رۆژ کار ناکەن و توانای بەرهەمهێنانیان لە ئاستی خواستی پێویستدا نییە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لە بەردەم ئاسایشی کیشوەرەکە دروست کردووە.

سکرتێری گشتیی ناتۆ نموونەی بە رووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنایەوە و گوتی: ئەوروپا لە ئاستێکدا نەبوو بتوانێت توانای ئەتۆمیی ئێران لەناوببات یان لە دەریای سووردا وەڵامی هەڕەشەی حوسییەکان بداتەوە، ئەوە ئەمریکییەکان بوون ئەو کارەیان کرد. هەرچەندە ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان پێویست بوو بۆ هەمووان تەنانەت بۆ ئێمەش لە برۆکسل، بەڵام دەبوو ئەوروپا خۆی ئەو توانایەی هەبووایە و لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا پێویستە بگەینە ئەو ئاستەی خۆمان بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین نەک چاو لە ئەمریکا بێت.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی مۆسکۆش، رووتە گوتی: سەیرە 600 ملیۆن هاووڵاتیی نیشتەجێی ناوچەکانی ناتۆ لە ئەوروپا، بۆ پاراستنی خۆیان لە 140 ملیۆن رووسی، پەنا بۆ ئەمریکا بەرن کە 340 ملیۆن کەسە و 6 بۆ 8 کاتژمێر بە فڕۆکە لێمانەوە دوورە، لە کاتێکدا دەبێت ئێمە خۆمان توانای پاراستنی خۆمان هەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا، سکرتێری گشتیی ناتۆ پێی وابوو دۆخی رووسیا لە بەرەکانی جەنگ باش نییە و ئۆکراینییەکان ئێستا بە قووڵی لەنێو خاکی رووسیادا لە ژێرخانی وزە و لۆجستی دەدەن. ناوبراو داوای لە وڵاتانی هاوپەیمان کرد بە هێمنی و بەبێ ترس لە هەڕەشەکانی ڤلادیمێر پووتین، بەردەوام بن لە وەبەرهێنانی بەرگری و پێدانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە کیێڤ بۆ ئەوەی بتوانێت لە جەنگەکەدا خۆڕاگر بێت.