سەیرترین رووداوەکانی یاریی باتیفا و حاجیاوا

ئاهەنگی یاریزانانی باتیفا دوای ئەوەی بوونە پاڵەوانی خولی پلە دووی کوردستان
ئاهەنگی یاریزانانی باتیفا دوای ئەوەی بوونە پاڵەوانی خولی پلە دووی کوردستان

یانەی باتیفا لە یاریی کۆتایی خولی پلە دووی کوردستان بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە حاجیاوای بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30 ئەیلوولی 2026، لە یاریگەی هەندرێن لە هەولێری پایتەخت یاریی کۆتایی خولی پلە دووی کوردستان لە نێوان حاجیاوا و باتیفا بەڕێوە چوو، لەو یارییەدا ژمارەیەک پیشەگەر و ئەستێرە و بەهرەمەندی کورد لە ریزەکانی هەردوولا یارییان دەکرد.
 لە خولەکی 6ـی دەستپێکی یارییەکە، باکۆ عومەر مایسترۆی پێشووی یانەی نەورۆز گۆڵی پێشکەوتنی حاجیاوای لە دژی باتیفا تۆمار کرد.
دواتر دلۆڤان ساڵح کاپتنی پێشووی یانەی دهۆک گۆڵی بەرامبەربوونی باتیفای تۆمار کرد، بەڵام خۆشییەکانی نوێنەرەکەی بادینان زۆری نەبرد کاتێک گەیلان بوڕهان ئەستێرەی پێشووی یانەی چوارقورنە گۆڵی دووەمی لە خولەکی 35 تۆمار کرد و جارێکی دیکە حاجیاوا پێشکەوتەوە.
بەڵام پێش ئەوەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی نیوەی یەکەم لێ بدات باتیفا لە رێگەی یاریزانی پیشەگەری یانەکەی فێرلیس گارسیا دیسان ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە.
لە نیوەی دووەم جارێکی دیکە باکۆ عومەر گەڕایەوە و لە خولەکی 79 گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی حاجیاوای تۆمار کرد.
لە دوایین خولەکی زیاد کراوی یارییەکە، عەبدولمونعیم هێرشبەری باتیفا رێگەی نەدا ناوبژیوان فیکەی پاڵەوانبوونی حاجیاوا لێ بدات و لە خولەکی 95 ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە و یارییەکەی بردە لێدانە یەکلاکەرەوەکان.
عومەر مەهدی گۆڵپارێزی باتیفا دوو لێدانی یەکلاکەرەوەی گەڕاندەوە و یانەکەی کردە پاڵەوانی خولی پلە دووی کوردستان.