عەزیز وەیسی: پێشمەرگە ئامادەی هەموو جۆرە بەرەنگاربوونەوەیەکە

فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی رایدەگەیەنێت، هێزەکانی پێشمەرگە یەکگرتوون و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر ئاڵنگارییەکن، ئاماژە بەوەش دەکات بەهێزبوونی پێشمەرگە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت و بەراورد بە ساڵی 2014، هێزەکان لە رووی مەشق و چەکەوە لە ئاستێکی زۆر باڵاتردان.

ئەمڕۆ، چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 19:00ـی کوردستان24 رایگەیاند "سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین لە ماوەی رابردوودا بەردەوام هاوکار و پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگە بوون". گوتیشی "بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق تا ئێستاش نەچوونەتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق".

دەربارەی ئامادەیی و دۆخی ناوخۆیی هێزەکان، عەزیز وەیسی ئاماژەی بەوە دا، پێشمەرگە لە جاران زیاتر مەشق و راهێنانی پێشکەوتووی وەرگرتووە و لە ماوەی رابردوودا هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ خۆڕێکخستنەوە و تۆکمەتربوونی هێزەکان.

روونیشیکردەوە "لە دوایین پێشهاتیشدا، یەکگرتنەوەی هێزەکان بوو لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەی بینی لە یەکخستنەوە، بەهێزکردن، مەشقپێکردن و سەنگەرسازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە".

فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی جەختی لەوە کردەوە کە "لەلای پێشمەرگە، ئاڵا و خاک لە گیان بەنرخترن" و ئێستاش لە هەموو کات زیاتر پێشمەرگە پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی هەیە، چونکە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان گرێدراوی بەهێزبوونی هێزەکانی پێشمەرگەیە. هاوکات گوتی "بەشێک لە بازرگانە چاوچنۆکەکانی عێراق، بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان لە شەڕ و دروستکردنی ئاڵۆزیدا دەبیننەوە".

سەبارەت بە بەراوردکردنی توانای ئێستای پێشمەرگە لەگەڵ ساڵی 2014دا، عەزیز وەیسی گوتی"جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئێستا و ساڵی 2014دا هەیە؛ لە رووی پڕچەککردن، مەشق و راهێنانەوە پێشمەرگە بەردەوام لە پێشڤەچووندایە، تەکنەلۆژیای سەربازیش زۆر بەخێرایی پێشکەوتووە".

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دووپاتیکردەوە "لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، پێشمەرگە خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵایین و لەبننەهاتووە؛ ئێستا پێشمەرگە یەکگرتووە و ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاڵنگارییەکە".