زاڵمای خەلیلزاد: پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا هەیە
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراقە رایگەیاند، رۆژی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان رۆژێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا، بەڵام جێهێشتنی هەولێر بۆ ئەمریکییەکان کارێکی ئاسان نەبووە؛ جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر گرووپە چەکدارەکان لەسەر داوای ئێران چەکدانان ڕەت بکەنەوە، دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی و ئاڵنگارییەکی قورس بۆ عەلی زەیدی.
چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق میوانی باسی ڕۆژی کوردستان24 بوو کە لەلاین ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت و لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان گوتی: ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، هاوکات سەبارەت بە لێکەوتنەکانی ئەو بڕیارە دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین چی روودەدات، گوتیشی: پرسیارەکە ئەوەیە ئایە هێزەکانی عێراق بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی ئەمنی دوای ئەو کشانەوەیە ئامادەن.
زاڵمای خەلیلزاد باسی لەوەش کرد، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا هەیە، بۆیە لەو باوەڕەم بەجێهێشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر کارێکی ئاسان نەبووە بۆ ئەوان.
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق ئاماژەشی دا، جیهێشتینی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە مانەی کۆتایی هاتنی پەیوەندییەکانی ناهێت، بەڵکو دەبێت پەیوەندییە سەربازییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەمریکا بەردەوام بێت، هیوادارم ئەو پەیوەندییەش بە باشی بەڕێوە بچێت، چونکە بۆ داهاتووی ئەمنی ئەو وڵاتە گرنگە.
لەبارەی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق گوتی: ئەگەر گرووپەکان چەکدانان رەت بکەنەوە، ئەوا دەبێتە هەڕەشەییەکی جددی بۆ عێراق، سەرەڕای ئەوەی ئێستا هێزەکان کشاونەتەوە، بەڵام ئەو گرووپانە ڕەتی دەکەنەو، چەکەکانیان دابنێن، ئەمەش رەنگە داواکاری ئێران بێت؛ هاوکات تاران تاوەکو ئێستا پشتگیری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ پرۆسەی چاکسازی لە وڵات نەکردووە.
باسی لەوەش کرد، هەڵوێستی تاران و توانای هێزەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕشە ئەمنییەکان، ئاڵنگارییەکی قورسن بەرنابەر زەیدی؛ هەروەها گوتی: دەبێتە هێزەکانی عێراق، راهێنانیان پێ بکرێ و زانیاریان پێ بدرێت بۆ ئەوەی لە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی وڵات سەرکەوتوو بن و ئیدارەی هەڕەشە ئەمنییەکان بکەن و بۆ هەر سیناریۆیەکی ئەمنی لە داهاتوودا ئامادەبن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، بۆ ئەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن، دەبێت هەموو لەیەک پابەندی دەستووری وڵات بن، کە ئەمەش بۆ داهاتووی ئەو وڵات سوودی دەبێت.