روبیۆ داوای لە شاندی ئێران کردووە وڵاتەکەی جێبهێڵن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، فەرمانی بە شاندەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کە بەشدارن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستبەجێ خاکی ئەمریکا چۆڵ بکەن.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بڵاویکردەوە، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە بیانووی بەسەرچوونی مۆڵەتی مانەوە، داوای لە شاندە ئێرانییەکە کردووە نیویۆرک بەجێبهێڵن. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەنێو ئەو کەسانەدا بووە کە فەرمانەکە دەیگرتنەوە.
سێشەممەی رابردوو، کۆشکی سپی گەشبین بوو بە ئەگەری پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا، بەڵام بەرەو ئێوارە دەرکەوت هەردوولا لەسەر هەڵوێستە توندەکانیان سوورن و ئامادەی سازش نین. سەرچاوەکان روونیکردەوە، ناوبژیوانانی قەتەر هەوڵێکی چڕیان دەدا بۆ دۆزینەوەی ئاسۆیەکی دیپلۆماسی و تێپەڕاندنی قەیرانەکە، بەڵام هەوڵەکانیان پێشکەوتنێکی کەمیان بەخۆوە بینی.
چاودێران ئەم هەنگاوەی روبیۆ بە تۆمەتبارییەکی دیپلۆماسیی نائاسایی وەسف دەکەن. ئەم کارە قووڵایی متمانەنەبوون و دابڕانی سیاسیی نێوان هەردوو وڵات لە سایەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەردەخات.
سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە وەک دەرکردنێکی توند وەسف کرا، عێراقچی و شاندەکەی لەسەر بنەمای خشتەی پێشوەختە بڕیار بوو شەوی دووشەممەی رابردوو نیویۆرک بەجێبهێڵن. ئەوان کاتژمێر 1:20 خولەکی سێشەممە بە فڕۆکەیەک لە نیویۆرکەوە بەرەو دۆحە بەڕێکەوتن.
لای خۆیەوە نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەتیکردەوە واشنتن داوای لە شاندە ئێرانییەکە کردبێت نیویۆرک چۆڵ بکەن. نوێنەرایەتییەکە روونیکردەوە شاندەکە بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی سێشەممە و بەگوێرەی ئەو خشتەیەی پێشتر دانرابوو، نیویۆرکیان بەجێهێشتووە.
لە راگەیەندراوێکدا ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردەوە، نوێنەرایەتییەکە رایگەیاند وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە 17ـی سێپتێمبەر و پێش گەیشتنی شاندەکە بۆ ئەمریکا بەمەبەستی بەشداریکردن لە کارەکانی خولی 81ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کاتی گەڕانەوەیان ئاگادار کرابووەوە.
نوێنەرایەتیی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی بەهۆی نەبوونی هیچ دەستکەوتێک، پەنای بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما و بێ نرخ بردووە.
پێشتر ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بانگەشەی ئەوەی کردبوو واشنتن داوای لە شاندە ئێرانییەکە کردووە نیویۆرک چۆڵ بکەن. هەرچەندە ئەو ماڵپەڕە روونیکردبووەوە عەباس عێراقچی هەر لە سەرەتاوە بڕیاربوو ئێوارەی سێشەممە شارەکە بەجێبهێڵێت و بەرەو تاران بگەڕێتەوە.