ناتانیاهۆ: ئیسرائیل بەشداری لە لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی فڕۆکەکە دەکات

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێشتا زووە ناسنامەی ئەو کەس یان لایەنە دیاری بکرێت کە لە پشت رووداوی فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانیی "فڵای دوبی"ـیەوە بووە، کە لە دوبییەوە بەرەو تەلئەڤیڤ دەچوو.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی ئیسرائیل لە لێکۆڵینەوەکاندا گوتی: "رەنگە ئیسرائیل بەشداری لە لێکۆڵینەوەکاندا بکات."

پێشتر لە هەمان رۆژدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکردبوو، یەکێک لە فڕۆکەوانەکانی گەشتی "فڵای دوبی" هەوڵیداوە فڕۆکەکە بخاتە خوارەوە، کە 174 سەرنشینی تێدا بووە.

ناتانیاهۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا باسی لەوە کرد، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان چەقۆی لە هاوکارەکەی داوە و بە دیاریکراوی هەوڵیداوە فڕۆکەکە بە سەرنشینەکانییەوە بخاتە خوارەوە، لەو کاتەی فڕۆکەکە لە نزیکبوونەوەدا بووە لە ئیسرائیل.

لە بەرامبەردا، ناتانیاهۆ پێشوازی و دەستخۆشی لە سەمیت ماتشار، فڕۆکەوانی هیندی کرد کە لە ئەنجامی دەمەقاڵە و پێکدادان لەگەڵ یاریدەدەرەکەیدا بریندار بوو. هەروەها سوپاسی سەرنشینانی فڕۆکەکەی کرد و جەختیکردەوە، ئەوان رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە رێگریکردن لە کارەساتێکی گەورە.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، تاوتوێی رووداوی فڕۆکەی کۆمپانیای فڵای دوبەی-یان کردووە کە بەرەو ئیسرائیل دەچوو.

سەرەڕای ئەوەی هۆکارەکانی رووداوەکە هێشتا بە روونی ئاشکرا نەکراون، پێشبینی دەکرێت لەو گەشتەدا یاریدەدەری فڕۆکەوان هێرشی کردبێتە سەر کاپتنی فڕۆکەکە.

ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "بە وردی لەگەڵ ناتانیاهو لەبارەی ئەو رووداوەوە قسەم کرد. دیارە یاریدەدەری فڕۆکەوان یان تیرۆریست بووە یان تووشی کێشەی دەروونی بووە و چەقۆی لە کاپتنی فڕۆکەکە داوە".

سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئەو فڕۆکەوانەی کرد کە رووبەڕووی هێرشەکە بووەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا بە پاڵەوان ناوی برد.