نۆیەمین کاروانی رووفاتی ئێزدییەکان دەگەڕێندرێتەوە

نۆیەمین کاروانی رووفاتی قوربانییانی دەستی داعش، کە لە 25 شەهید پێکهاتووە، دوای زیاتر لە شەش ساڵ مانەوە لە پزیشکی دادی بەغدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ شنگال. زۆربەی ئەو قوربانییانە خەڵکی گوندی کۆجۆن و تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 70 ساڵدایە.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2026، رووفاتی قوربانییەکان لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە مۆنۆمێنتی شنگال رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە، تا بە شکۆوە بەخاک بسپێردرێن. ئەمەش بەشێکی کەمە لەو کارەساتەی ساڵی 2014 بەسەر شنگالدا هاتووە.

لە کۆی 96 گۆڕی بەکۆمەڵ، تا ئێستا 78 گۆڕ هەڵدراونەتەوە و رووفاتی 857 کەس دەرهێندراون. لەو ژمارەیە ناسنامەی 296 قوربانی ئاشکرا کراوە، لە کاتێکدا هێشتا 536 رووفات لە بەغدا ماونەتەوە و 18 گۆڕی دیکەش چاوەڕێی هەڵدانەوەن، تا کەسوکاری قوربانییەکان ئارام ببنەوە.

هاوکات پەیامنێرمان لە مووسڵ رایگەیاند، بۆ گواستنەوەی رووفاتەکان چەندین ئامبۆلانس لە پزیشکی دادی مووسڵ ئامادەکراون و رووفاتەکان لە مۆنۆمێنتی شنگال بەخاک دەسپێردرێن.