عەلی زەیدی: بڕیاری شەڕ و ئاشتی لەدەستی دەوڵەتدا دەبێت
عێراق سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکڕێت
ئەمرۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، 1ـی تشرینی یەکەم دەستپێکی قۆناخێکی جیددییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت. گوتیشی، حکوومەت دەست بە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکات و یاسای حەشدی شەعبی رێکدەخات.
عەلی زەیدی لە راگەیەندراوەکەیدا، پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانیان بە وشکانی، ئاسمانی و دەریایی، کە بە دەستکەوتێکی نیشتمانی و سەروەریی تەواوی عێراق ناوزەندی کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەو لایەنانە کرد کە لەو قۆناخەدا لە پاڵ هێزە چەکدارەکاندا دژی داعش وەستانەوە و لە قۆناخە سەختەکاندا رۆڵی خۆیان بینیوە.
عەلی زەیدی گوتیشی، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026 سەرەتایەکی جیددییە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەوڵەت و پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بەپێی نەخشەرێگەیەکی روون، کە لە 30ـی حوزەیرانی 2027 تێپەڕ ناکات. حکوومەت بەپێی دەستوور کار دەکات بۆ لێسەندنەوەی چەک لە سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارانەی کە عێراقی نین و لەسەر خاکی عێراق بوونیان هەیە، ئەوەش بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانە.
زەیدی جەختیکردەوە، حکوومەتی عێراق رێگە نادات خاکی وڵاتەکەی بۆ هیچ کارێک بەکاربهێنرێت کە هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و رەتیدەکاتەوە خاکی وڵاتانی دیکە بۆ هێرشکردنە سەر عێراق بەکاربهێنرێت. حکوومەت پشتیوانیی دامەزراوە ئەمنییەکان دەکات بە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و رێکخستنی یاسای حەشدی شەعبی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمی ئەمنیی وڵات، کە لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا دەبێت.
عەلی زەیدی دووپاتیکردەوە، عێراق قۆناخێکی درێژی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری تێپەڕاندووە و ئێستا روو لە قۆناخێکی نوێ دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی، سەقامگیری، گەشەپێدانی بەردەوام، باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.
لە کۆتاییدا زەیدی گوتی، 1ـی تشرینی یەکەم نیشانەی دەستپێکی قۆناخێکی نوێی عێراقە، کە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواوە و بە دامەزراوەکانی بەهێزە و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتن لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دادەمەزرێنێت.