ترەمپ: کاتی رێککەوتن لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران لە بەردەم دوو بژاردەدایە، یان گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن یان رووبەڕووبوونەوەی شکست، جەختیکردەوە کە ئەم دۆخە زۆر بەزوویی کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2026، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی چۆن ئەمریکا دەتوانێت رێککەوتن لەگەڵ ئەو بەرپرسانە بکات کە پێشتر بە "شێت" ناوی بردوون، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گوتی: "لەوانەیە تێکیان بشکێنین، دەبێت ئەو بڕیارە بدەین، یان تێکیان بشکێنین یان بگەین بە رێککەوتن."
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، کاتی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران خەریکە کۆتایی دێت و گوتی: "ئەم بابەتە زۆر بەزوویی بە هەر شێوەیەک بێت کۆتایی دێت."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی ئێران، ترەمپ رایگەیاند، ئێران ئێستا کێشەی زۆری هەیە، بەهای دراوەکەی دابەزیوە، ئابوورییەکەی داڕماوە و سوپاکەشی لاواز بووە. ترەمپ لەو بارەیەوە گوتی: "سوپایەکی ئەوتۆیان نەماوە، نە هێزی دەریایی و نە هێزی ئاسمانییان هەیە."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ململانێ ناوخۆییەکانی ئێران کرد و گوتی: "پێموایە سەرکردەکانیان لە ململانێیەکی زۆر تونددان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات، بەڵام کۆنترۆڵی چی؟"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئاخۆ واشنتن وەڵامی تاران دەداتەوە دوای تێوەگلانیان لە رووداوی بنکەی فێرفۆرد لە بەریتانیا، ترەمپ گوتی: "بەڵێ وەڵام دەدەینەوە. ئێستا لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین و زۆر بەزوویی وەڵامێکی بۆ دەخەینە روو."
ترەمپ رایگەیاندبوو، پێشهاتی نوێ سەبارەت بە ئێران زۆر بەزوویی روودەدات. هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەمریکا کۆنترۆڵێکی نزیک بە تەواوەتی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە، ئەو ناوچەیەی لە کاتی سەرهەڵدانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە گرژیی بەخۆوە بینیوە.