لە تورکیا دوای 51 رۆژ کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەستیانپێکردەوە
پەرلەمانی تورکیا دوای 51 رۆژ لە پشووی هاوینە، خولی نوێی یاسادانانی خۆی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا دەستپێدەکاتەوە. رێوڕەسمەکە بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمان و بە بەشداریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت.
لە گرنگترین تەوەرەکانی کارنامەی ئەم خولەی پەرلەمان، دامەزراندنی دەستبەجێی لێژنەی چاودێری بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەبێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا، ئەم لێژنەیە لە 17 ئەندام پێکدێت و ئەرکی سەرەکیی بریتی دەبێت لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی ورد بۆ هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، کە بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و چەکدانان ناسراوە.
ئەندامانی ئەم لێژنەیە بەپێی رێژەی کورسیی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان دیاری دەکرێن. سبەی بە گوتاری ئەردۆغان، رێوڕەسمی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان دەستپێدەکات و چاوەڕێ دەکرێت لە 6ـی مانگیشەوە بەفەرمی کۆبوونەوە ئاساییەکانی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسا و بڕیارەکان دەستپێبکاتەوە.