ئێران داوای هەڵگرتنی قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کرد بۆ سنووردار نەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، بەو پێیەی ئەو رێوشوێنانە ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی گەشتیاران، قوتابیان و نەخۆشەکان دروست دەکات.
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی "پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لەسەر بنەمای پەیوەندیی قووڵ و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراون". جەختیشی کردەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق وەک حکوومەتێکی سەربەخۆ، هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی ئەو پەیوەندییە مێژووییانە لە ورووژاندن و لێکەوتەکانی سزاکانی ئەمریکا.
ئەم هەڵوێستەی ئێران لە وەڵامی ئەو بڕیارەدا دێت کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە 29ـی ئەیلوول لە رێگەی ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سامانە بیانییەکان (OFAC) مۆڵەتی بە هێڵی ئاسمانیی عێراقی بەخشی. کە ئەو مۆڵەتە رێگەی بە کۆمپانیاکە داوە مامەڵە پێویستەکان بۆ کارپێکردنی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی سەرنشینان لە نێوان عێراق و ئێران لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەف، بە مەرج و سنووردارکردنی دیاریکراو جێبەجێ بکات.
بەگوێرەی سەرجاوەکان ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە کۆمپانیا بیانییەکانی خزمەتگوزاریی لۆجستی لە فڕۆکەخانەکانی سەرتاسەری جیهانی راگەیاندووە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە مامەڵەکردن بە دۆلار لەگەڵ لایەنی ئێرانی قەدەخەیە.