20 نەوتهەڵگری ئێران لە ئاوەکانی سریلانکا گیریان خواردووە
بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکا، نزیکەی 20 نەوتهەڵگری ئێران لە کەناراوەکانی سریلانکا گیریان خواردووە.
رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، نزیکەی 20 نەوتهەڵگری بەتاڵی ئێران لە دووری 15 میل لە کەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای سریلانکا گیریان خواردووە. ئەو کەشتییانە بزووێنەرەکانیان کوژاندووەتەوە و لەسەر ئاوەکە دەسووڕێنەوە. هەروەها پاشەکەوتی خۆراک، سووتەمەنی و ئاوی خواردنەوەیان روو لە کەمبوون دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، هۆکاری گیرخواردنی ئەو کەشتییانە دەگەڕێتەوە بۆ گوشارەکانی ئەمریکا بە مەبەستی ناچارکردنی ئێران بۆ ملکەچبوون. دەیان نەوتهەڵگری سەربە ئێران یان ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە، پێشتر لە بازرگانیی نهێنیدا بەشدارییان کردووە بۆ گەیاندنی نەوتی سزادراو بە چین. ئەو کەشتییانە لە مانگی تەممووزی رابردووەوە لە ئاوەکانی نزیک سریلانکا و مالیزیا گیریان خواردووە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سریلانکا هۆشداری داوەتە حکوومەتی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی هاوکاریی ئێران نەکەن.
بەپێی وۆڵستریت جۆرناڵ، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەوەی هیچ جۆرە کارئاسانییەک بۆ ئەو کەشتییانە نەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، واشنتن رێگری لە پێدانی خۆراک و ئاو و سووتەمەنی بە کارمەندانی ناو کەشتییەکان کردووە، مەبەست لەم هەنگاوەش توندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانە بۆ سەر ئێران و پچڕاندنی تۆڕی بازرگانیی نایاسایی نەوتە.