ئەڵمانیا بۆ کوردستان24: کشانەوەی هێزەکان پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق ناپچڕێنێت

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان رایگەیاند، بەرلین رێز لە خواستی عێراق دەگرێت، بەڵام ئەمە بە مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکو بە فۆڕمێکی نوێ و گونجاو بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی کەرتی ئەمنی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا.

پێنجشەممە 1 تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیاری کوردستان24 سەبارەت بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان و پەیوەندییەکانی بەرلین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێز لە بڕیار و خواستی دەوڵەتی عێراق دەگرن بۆ کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام هاوبەشییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام دەبێت.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد: لە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولادایە کە ئامادەیی و رۆڵی ئەڵمانیا لە عێراقدا، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، بە فۆڕمێکی نوێ و گونجێنراو درێژەی پێبدرێت؛ ئەمەش لە رێگەی بەردەوامیی پشتیوانیکردنی کەرتی ئەمنی، هەوڵە مەدەنییەکان بۆ سەقامگیری و هاوکارییەکانی بواری گەشەپێدان.

هەروەها ئاماژە بەوە دا کە ئەم پرسە تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی سەردانەکەی 15ی ئەیلوولی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە بۆ بەرلین لەسەر بانگهێشتی فەرمیی فرێدریک مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، و ئێستاش گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان بەردەوامە بۆ داڕشتنی وردەکاریی شێوازی هاوکارییەکان لە قۆناخی داهاتوودا.

سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی رێکخراوی داعش، سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لەوە کرد، داعش لە عێراق بە تەواوی لاواز بووە و لەسەر زەوی کۆتایی هاتووە و پەلامارەکانی کەمبوونەتەوە، لە بەرامبەردا هاوبەشە کوردەکان و هێزەکانی حکوومەتی فیدراڵ رۆژ بە رۆژ توانای ئەوەیان بەهێزتر دەبێت کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ رووبەڕووی پاشماوەکانی داعش ببنەوە، هەرچەندە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە هێشتا پێویستی بە هەماهەنگیی بەردەوام هەیە.

ئەم هەڵوێستەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، دوێنێ 30ی ئەیلوول، وادەی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش (ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین) بوو لە عێراق.

لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە بەغدا، لیام هۆڵن، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، رایانگەیاندبوو دوایین قۆناخی کشانەوەی رێکخراوی هێز و کەرەستە سەربازییەکانیان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر وەک دوا پێگەیان لە وڵاتەکەدا تەواو کرد.

بەمەش کۆتایی بە ئەرکێکی سەربازیی فرەلایەنەی دە ساڵە هات کە لە ساڵی 2014ەوە بۆ راوێژ، مەشق و پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دەستی پێکردبوو.

لە ساڵی 2014 و لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش، ئەڵمانیا بووە یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ بەپێی مۆڵەتی فەرمیی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ)، سوپای ئەو وڵاتە رێگەی پێدرابوو تا 500 سەرباز لە چوارچێوەی ئەرکی دژ بە داعش و مەشقپێکردندا جێگیر بکات، بەڵام لەسەر ئاستی مەیدانی ژمارەیان لەنێوان 100 بۆ 200 سەرباز دەمایەوە.

زۆرینەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و لە کەمپی ستێفان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر جێگیر ببوون، لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە راوێژکار لە بەغدا.

لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا، سوپای ئەڵمانیا رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە پڕچەککردن و مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگەدا گێڕا، بەتایبەت دابینکردن و مەشقپێکردن لەسەر مووشەکی دژەتانکی میلان، لە پاڵ راهێنانی ئەندازیاریی سەربازی، پووچەڵکردنەوەی مین و فریاگوزاریی پزیشکی لە بەرەکانی جەنگدا.

رێککەوتنی فەرمیی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دانانی خشتەی کشانەوەکە، لە ئەیلوولی ساڵی 2024دا واژۆ کرا. ئەمەش دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆی چڕی لیژنە باڵا سەربازییە هاوبەشەکان هات کە لە سەرەتای هەمان ساڵەوە دەستی پێکردبوو.

بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکرابوو، پرۆسەکە بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ کرا؛ بە جۆرێک لە ساڵی 2025ەوە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکان و رادەستکردنی ژمارەیەک بنکەی سەربازی دەستی پێکرد، و دواجار بەپێی وادەی دیاریکراو لە 30ی ئەیلوولی 2026دا، بە چۆڵکردنی دوایین پێگەی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر، پرۆسەکە بە تەواوەتی کۆتایی پێهات.