ئیبراهیم رەزایی بۆ کوردستان24: تەندروستیی خامنەیی زۆر باشە و کاروباری وڵات بەڕێوەدەبات

ئیبراهیم رەزایی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران
ئیبراهیم رەزایی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران

 ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران شکستی هێناوە و ئێستا پەنای بۆ شەڕی ئابووری بردووە. هەروەها دەنگۆی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن واشنتنەوە بە "درۆی سەدە" وەسف دەکات و رەتیدەکاتەوە تەندروستیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران تێکچووبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01ـی ئۆکتۆبەری 2026، ئیبراهیم رەزایی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، باسی لە باری تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ و چەند پرسێکی دیکەی کرد. 


تەندروستیی رێبەری باڵای ئێران
 
ئیبراهیم رەزایی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە میدیا رۆژئاواییەکان لەبارەی تێکچوونی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکراونەتەوە. ئەو گوتی: "ئەو هەواڵانە تەنیا درۆی میدیاکانی رۆژئاوایە. رێبەری شۆڕش تەندروستیی زۆر باشە و بەتەواوی سەرپەرشتیی کاروباری وڵات دەکات و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەئەستۆدایە."


"ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە شکستی هێناوە"

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، ئەمریکییەکان نزیکەی حەوت مانگ لەمەوبەر بە ئامانجی لەناوبردنی ئێران دەستیان بە جەنگێکی سەربازی کرد، بەڵام "تووشی شکستێکی قورس بوون و زیانێکی زۆریان بەرکەوت."

رەزایی باسی لەوە کرد: "هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ناچار بوون هەڵبێن و هێزە چەکدارەکانی ئێمە بنکەکانیانیان تێکشکاند. ئێمە توانیمان فڕۆکە جەنگییەکانیان بپێکین، دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیمان خستە خوارەوە و دوو ژێردەریایی پێشکەوتووی ئەمریکاشمان دەستبەسەردا گرت. ئەمریکا نەیتوانی بە هیچ یەکێک لە ئامانجەکانی لەم جەنگەدا بگات."

شەڕی ئابووری و تێپەڕاندنی سزاکان

پەرلەمانتارەکەی ئێران پێی وایە ئێستا جەنگەکە چووەتە قۆناخی ئابوورییەوە و ئەمریکا دەیەوێت لەرێگەی توندکردنی سزاکانەوە، گەلی ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات. 

رەزایی گوتی: "ئێمە ئامادەیین و دەزانین چۆن سزاکان تێدەپەڕێنین و رێگەی چارەسەری کێشەکان دەزانین. بۆ نموونە لە بواری فڕۆکەوانیدا کە سزایان خستووەتە سەرمان، خۆم گەشتم بۆ تاجیکستان دەکرد و بەهۆی فشاری ئەمریکاوە فڕۆکەکەمان لە نیوەی رێگە گەڕایەوە، بەڵام دواتر هەر توانیمان گەشتەکە بکەین و رێگەی دەربازبوونمان دۆزییەوە."

هەروەها رەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و ئاماژەی بەوە دا: "نەزانی و گەمژەیی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و ترەمپ بووەتە هۆی ئەوەی تێچوویەکی زۆر بکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییانی ئەمریکی، بە جۆرێک هەر خێزانێکی ئەمریکی بڕی 1500 دۆلاری بۆ جەنگێک داوە کە هیچ سوودێکی بۆیان نەبووە."

"کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە گەورەترین درۆیە"

لە وەڵامی ئەو بانگەشانەی کە ئەمریکا کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە، ئیبراهیم رەزایی بە توندی ئەو قسانەی رەتکردەوە و بە "گەورەترین درۆی سەدە" ناوی برد. روونیشیکردەوە: "ئەگەر ئەمریکا گەرووی هورمزی بەدەستەوە بوایە، ئێستا نرخی نەوت لە 100 دۆلار تێدەپەڕی. لە راستیدا هیچ کەشتییەکی ئەمریکی ناوێرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت و بێتە ناو کەنداوی فارسەوە، تەنانەت کەشتییەکانی بەلەمەوانیی ناوچەی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین پەنایان گرتووە. هەر کەشتییەکیش بەو گەرووەدا تێپەڕێت، بە مۆڵەت و رێگەپێدانی ئێرانە."

 گوتیشی: "پێشتر رۆژانە 130 کەشتیی ئەمریکی بەو گەرووەدا تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا ئاستی هاتوچۆی ئەمریکییەکان بۆ 5% دابەزیوە و نزیکبووەتەوە لە سفر."

ئامادەیی سەربازی و هۆشداری بە وڵاتانی ناوچەکە

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە جاران بەهێزترە و ئامادەی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکە. "ئێمە رووبەری ئاوە هەرێمییەکانی خۆمان فراوانتر کردووە و لە رووی ئامێرەکانی هێرشبردن و بەرگرییەوە زۆر لە پێشتر پێشکەوتووترین."

هۆشداریشی دا، بە هەر وڵاتێک یان دیکتاتۆرێکی ناوچەکە کە بیەوێت ببێتە "سپۆنسەر و بریکاری جەنگی ئەمریکا"، و رایگەیاند, یەکەم کەس باجەکەی دەدەن خۆیان دەبن و ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی "هیچ هێڵێکی سووری نییە" و ئامانجەکانیان زۆر فراوان و دوورمەودان.

لەبارەی حووسییەکانی یەمەنیشەوە، رەزایی رایگەیاند, ئەوان بزووتنەوەی (ئەنساڕوڵڵا) بە نوێنەری شەرعیی یەمەن دەزانن؛ "ئەوان هێزی بریکاری ئێمە نین و خۆیان بڕیار دەدەن، ئەوەی هێزی بریکاری ئەمریکایە ئیسرائیلە، بەڵام ئێمە وەک ئێرانییەک زۆر دڵخۆشین بە سەرکەوتنەکانی یەمەن بەسەر کرێگرتەکانی ئەمریکادا."