ترەمپ: ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران هەیە
ئەمرۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران ئەگەرێکی کراوەیە.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری تایم گوتی "ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و ئابوورییەکەی داڕماوە". روونیکردەوە ئێرانییەکان خوازیاری رێککەوتنێکن، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنێکی راستەقینەی دەوێت.
سەبارەت بە رەتکردنەوەی دوایین پێشنیاری ئێران بۆ ئاگربەست، ترەمپ رایگەیاند، ئەو پێشنیازەی ساڵێک لەمەوبەر رەتیکردەوە، ئەمڕۆ پێی رازی نابێت.
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ئێرانییەکان پێشنیازێکیان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێشکەش کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەنیا بەشێکی کەمی پێشنیازەکەی بینیوە و هەموو لایەنەکانی لەخۆ نەگرتووە، بەس نییە.
بەگوتەی ترەمپ، ئەگەری هەیە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ئەمریکا هێرشکردنە سەر ئێران دەستپێبکاتەوە.
هاوکات ترەمپ باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی چەک و تەقەمەنییە و دۆخی پڕکردنەوەی کۆگاکانیان لە ئاستێکی بەرزدایە، کە بڕیارە بەشێک لەو چەکانە بەسەر هاوپەیمانەکانیاندا دابەش بکرێن.
لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەشدا کە باس لە کەمیی تەقەمەنیی ئەمریکا دەکەن، ترەمپ جەختیکردەوە ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ چوارشەممە ئەمریکا گەورەترین بڕی نەوتی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە گواستووەتەوە، کە لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر بووە.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە ئەمریکا گەرووی هورمزی بەڕووی ئێراندا داخستووە و ئێستا کۆنترۆڵی تەواوی ئەو گەرووەی بەدەستەوەیە.