پارتی جەخت لە کۆنترۆڵکردنی چەک و سەروەریی نیشتمانیی عێراق دەکاتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و راگەیاندنی رۆژی سەروەری، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

فراکسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوەکەدا ئەو هەنگاوە بە وێستگەیەکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی تەواوی عێراق دەزانێت و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەو وڵات و هێزانە دەکات کە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بەشدار بوون. فراکسیۆنەکە روونیکردەوە، ئەو وڵاتانە لە قۆناغە سەختەکانی عێراق و لە سەرەتای سەرهەڵدانی تیرۆری داعش، دەستی هاوکارییان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان درێژکرد و شانبەشانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە سەنگەری بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا قوربانییان دا.

سەبارەت بە داهاتووی وڵات، فراکسیۆنی پارتی جەختدەکاتەوە کە سەروەریی راستەقینە و سەقامگیریی درێژخایەن لە عێراقدا، بە بەهێزکردنی یاسا و دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆکردنەوەی چەک لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا بەدی دێت، بە جۆرێک کە بڕیاری جەنگ و ئاشتی و بڕیاری نیشتمانی، تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت.

هاوکات، فراکسیۆنەکە جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییە دۆستانە و هاوسەنگەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی هاوبەشیی ستراتیژی کردەوە. هەروەها بە پێویستی دەزانێت هەماهەنگی و هاوکارییەکی تۆکمە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بە ئامانجی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بواری ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەدەستهاتوون.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، عێراقێکی ئارام و سەقامگیر و خاوەن بڕیاری سەربەخۆ، تەنیا لە سایەی پابەندبوون بە دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە و رەچاوکردنی ماف و شایستەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی وڵات و دوورکەوتنەوە لە ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەتوانێت پێشبکەوێت و بناغەیەکی پتەو بۆ سەقامگیری و ئاوەدانیی هەموو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دابین بکات.