ئاوات شێخ جەناب هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی ئاشکرا دەکات

"ئامادەم لە بەر دەرکی سەرا راستییەکان بخەمەڕوو"

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، پەردەی لەسەر هۆکارە راستەقینەکانی دەستلەکارکێشانەوەکەی هەڵدایەوە و رایگەیاند: کە بڕیارەکەی بەهۆی دەستتێوەردانی نەرێنیی ئیدارەی سلێمانی و بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکان بووە بۆ هەڕەشەکردن و سزادانی ئەو فەرمانبەرانەی پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی دارایین.

پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا بۆ رای گشتی، هۆکار و پاشخانەکانی پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی خستەڕوو و، ئەو دەنگۆیانەی بە توندی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن دەستلەکارکێشانەوەکەی بەهۆی بەرگریکردن بووبێت لە بەڕێوەبەری دەستگیرکراوی خانووبەرەی میریی سلێمانی.

وەزیری دارایی لە دەستپێکی روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، بە هیچ جۆرێک هۆکاری وازهێنانی پەیوەندیدار نییە بە داکۆکیکردنی ناڕەوا لە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری، بەڵکوو خودی وەزارەت بە چاودێری و سەرپەرشتیی داواکاری گشتی و بە ئاگاداریی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دۆسیەکە پێکهێناوە و پێویست بوو چاوەڕوانی دەرئەنجامە یاسایییەکان بکرایە.

 ئاوات شێخ جەناب ئامادەیی خۆی دەربڕی کە «لە دادگاییکردنێکی ئاشکرادا لە بەردەرکی سەرا یاخود لە هەر دادگایەکی بێلایەندا راستییەکان بۆ راستییەکان بخاتەڕوو، هاوکات جەختی کردەوە کە تەواوی دۆسیەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە وەزارەت پارێزراون بۆ هەر لایەنێک کە بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێت.

سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەکەی، وەزیری دارایی پەردەی لەسەر رووداوێکی مەترسیدار لادا و گوتی: "دەستلەکارکێشانەوەم دەگەڕێتەوە بۆ تەدەخولی نەرێنیی ئیدارەی سلێمانی لە کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت، کە گەیشتە ئەو ئاستەی لە رێگەی تۆقاندن و هەڕەشەکردن بە هێزەکانی کۆماندۆ، دژەتیرۆر و ئاسایشەوە، لە رێکەوتی 29ـی ئەیلوولی 2026 ئیعاز بە فەرمانگەکانی وەزارەت لە سنووری سلێمانی درا کە هەر فەرمانبەرێک پابەند بێت بە فەرمان و بڕیارەکانی وەزیری دارایی و ئابووری، سزا دەدرێت.

 ئاوات شێخ جەناب دووپاتی کردەوە کە لە کەشوهەوایەکی لەو شێوەیەدا ناتوانێت کار بکات و بێدەنگ بێت بەرانبەر چەوساندنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی، هەر بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، وەزیری دارایی پوختەی ئەو پێنج دۆسیەیەی خستە ڕوو کە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی لەسەر دەستگیر کراوە و، روونی کردەوە:

-دوو دۆسیەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (2009 و 2010) لە کاتی دەستبەکاربوونی ئەو بەرپرسە.

-دۆسیەی سێیەم پەیوەستە بە دیاریکردنی کرێی هاوتای زەوییەک بە ڕووبەری 600 مەتر دووجا.

-دۆسیەی چوارەم لەسەر مامەڵەی هاووڵاتییەکە کە لە لایەن جێگری بەڕێوەبەرەوە نووسراوی پشتگیریی بۆ پۆلیس کراوە.

-دۆسیەی پێنجەم تایبەتە بە کێشەیەکی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی میری و شارەوانیی سلێمانی (کە هەردووکیان دامەزراوەی حکوومین) و لە ساڵی 2025 دادگا دۆسیەکەی بە فەرمی داخستووە.

ئاوات شێخ جەناب دووپاتی کردەوە کە لە مێژووی کارکردنیدا هەرگیز بەرگریی لە هیچ خراپەکارییەک نەکردووە و زۆرترین لێپرسینەوەی یاسایی لە سەردەمی ئەودا ئەنجامدراون، هەروەها دڵنیایی دا کە بێباکن لە هەر لێکۆڵینەوە و دادگایییەکی بێلایەن و دادپەروەرانە بۆ ڕوونکردنەوەی سەرجەم ڕاستییەکان بۆ فای گشتی.