یەکێتیی ئەوروپا: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی کەرتی ئەمنی لە بەغدا و هەولێر

گوتەبێژێک لە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند یەکێتییەکە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی چاکسازی لە کەرتی ئەمنیی مەدەنی لە بەغدا و هەولێر. هاوکات هۆشداریدا لەوەی داعش هێشتا وەک هەڕەشە ماوەتەوە و جەختیشی کردەوە بەردەوامیی هاوکاریی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا فاکتەری سەرەکییە بۆ پاراستنی ئارامیی وڵات.

پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، گوتەبێژێک لە یەکێتیی ئەوروپا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24، سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رایگەیاند: ئێمە ئاگاداری پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانین لە عێراق بەپێی پلانی دیاریکراو بەڕێوەچوو، لە هەمان کاتدا یەکێتیی ئەوروپا پابەندی تەواوی خۆی بە سەروەری، یەکگرتوویی خاک و سەقامگیریی عێراق دووپات دەکاتەوە.

گوتەبێژەکە هۆشداری دا رێکخراوی داعش سەرەڕای تێکشکاندنی، هێشتا وەک مەترسییەکی ئەمنی ماوەتەوە و عێراقیش لە چەقی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییەدا دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوکاریکردنی عێراق بەردەوام بێت بۆ جێگیرکردنی ئاسایش.

دەربارەی رۆڵی یەکێتیی ئەوروپا لە قۆناخی پاش کشانەوەی هاوپەیمانان، ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتییەکە لە رێگەی نێردەی راوێژکاریی خۆی ناسراو بە «ئەیوم - EUAM Iraq»، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکاری و راوێژی ستراتیجی بە دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ چاکسازی لە کەرتی ئەمنیی مەدەنیدا، کە لە رێگەی نووسینگەکەیان لە هەولێریش ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن.

هەروەها جەختی لە پێگەی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: لە بارودۆخی ئێستا، بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق زۆر گرنگە.

باسی لەوەش کرد، هەر بڕیارێک سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ئەرک، قەبارە و مانەوەی نێردەی ڕاوێژکاریی ئەوروپا (EUAM) لە داهاتوودا، لە دەسەڵاتی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپادایە کە لە چوارچێوەی گونجاوی خۆیدا بڕیاری لێ دەدەن.

رێککەوتنی فەرمیی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دانانی خشتەی کشانەوەکە، لە ئەیلوولی ساڵی 2024دا واژۆ کرا. ئەمەش دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆی چڕی لیژنە باڵا سەربازییە هاوبەشەکان هات کە لە سەرەتای هەمان ساڵەوە دەستی پێکردبوو.

بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکرابوو، پرۆسەکە بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ کرا، بە جۆرێک لە ساڵی 2025ەوە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکان و رادەستکردنی ژمارەیەک بنکەی سەربازی دەستی پێکرد، و دواجار بەپێی وادەی دیاریکراو لە 30ی ئەیلوولی 2026دا، بە چۆڵکردنی دوایین پێگەی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر، پرۆسەکە بە تەواوەتی کۆتایی پێهات.

هاوکات رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ئاشکرای کردبوو، "یەکێک لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی سەردانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بۆ ئەمریکا، گەیشتن بوو بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەردەوامیی ناردنی کاروانەکانی دۆلاری کاش بۆ عێراق، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە دابینکردنی پێداویستییە رەوا و شەرعییەکان لە دراوی بیانی، لەو چوارچێوەیەشدا لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا کاروانێکی نوێی دۆلار بۆ عێراق دەنێدرێرێت.