فوئاد حوسێن: لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لە دانوستانداین بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: بەغدا لە دانوستاندایە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان بە پێی خشتەیەکی کاتی. هاوکات ئاشکرای کرد کە بۆ هەمەچەشنکردنی رێڕەوەکانی هەناردەی نەوت، گفتوگۆیان لەگەڵ هەر یەک لە سووریا، سعوودیە و تورکیا دەستپێکردووە بۆ دروستکردنی هێڵی نوێی بۆریی نەوت.

پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "عێراقییە ئیخبارییە"، چەندین دۆسیەی هەستیاری پەیوەست بە ئاسایشی ناوخۆ، هاوسەنگیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران، و پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی نەوتی خستەڕوو.

وەزیری دەرەوەی عێراق، سەبارەت بە دۆسیەی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت  رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لە دانوستانداین بە مەبەستی رادەستکردنی چەکەکانیان بەپێی خشتەیەکی زەمەنیی دیاریکراو؛ حکوومەت خاوەنی پلانێکی جێگیر و روونە لەم بارەیەوە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین ئەو گرووپانە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن."

لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی نیشتمانی، فوئاد حوسێن ئاماژەی بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی بەغدا کرد و گوتی: "ئێمە پەیوەندییەکی پتەو و تۆکمەمان لەگەڵ هەر یەک لە ئەمریکا و ئێراندا هەیە و بە بەردەوامی گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ هەردوو لایەندا دەکەین".

هاوکات ئومێدی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ قۆناخی داهاتوو و هیوای خواست، بتوانن هاوبەشییەکی بەرگریی دووقۆڵی لە نێوان عێراق و ئەمریکادا، هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دیکەشدا دابمەزرێنین.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەست بە کەرتی وزە و داهاتی نیشتمانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگی هەرێمی ئاشکرا کرد و گوتی: بە مەبەستی هەمەچەشنکردنی دەروازە و بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو، زنجیرەیەک گفتوگۆمان لەگەڵ وڵاتانی سووریا، سعوودیە و تورکیا دەستپێکردووە بۆ بونیاتنان و ڕاکێشانی هێڵی نوێی بۆریی نەوت.