یاریزانانی دهۆک بایکۆتی مەشقەکانیان کرد
کارگێری دهۆک لە گەڕی نۆیەم لەبەردەم بڕیارێکی قورس دایە
یاریزانانی دهۆک بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی راهێنانەکانیان کرد، کاتپنی یانەکەش بە کوردستان24 راگەیاند 62 رۆژە یاریزانەکانی رازیکردووە بۆ ئەوەی بایکۆتی راهێنانەکان نەکەن، دەشڵێت: یاریزانەکان لەوە زیاتر ناتوانن ئارام بگرن و بڕیاریان داوە نەگەڕێنەوە راهێنانەکان تاوەکو شایستە داراییەکانیان وەرنەگرن.
یانەی دهۆک ئەم وەرزە لە ڕووی ئاست و ئەنجامەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە دۆخێکی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت. لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕووی دۆخی داراییشەوە رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یاریزانانی دهۆک بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی راهێنانەکانی ئەمڕۆیان کرد کە دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
بەیار ئەبوبەکر کاپتنی یانەی دهۆک لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند 62 رۆژە یاریزانەکانی راگرتووە بۆ ئەوەی بایکۆتی مەشقەکان نەکەن، دەشڵێت: لەوە زیاتر نەمتوانی رازییان بکەم و هیوادارم کێشەی شایستە داراییەکانی دهۆک چارەسەر بکرێت.
بایکۆتی مەشقەکانی دهۆک لە کاتێکدایە، یانەکە رۆژی 9ـی ئەم مانگە لەبەردەم یارییەکی چارەنووسساز دایە کە بڕیارە لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دهۆک لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی زەورا بکات، لە ئەگەری هەر ئەنجامێکی خراپ رەنگە دهۆک بە فەرمی بڕیارە قورسەکەی بدات و گرێبەستی یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری هەڵبوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی بەداداچوونەکانی کوردستان24 تێچووی ئامادەکردن و دروستکردنی تیپی یانەی دهۆک بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق گەیشتووەتە سەرووی 7 ملیار دینار.
یانەی دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کۆی 8 یاری تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 6 بەرامبەربوون و شکستێکی هەیە و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت.